٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

زیرەک کەمال: دوای سەردانی سەرۆکی هەرێم، ئیمارات ڕایگەیاند بە بایەخەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، زیرەک کەمال گوتی، سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ وڵاتی ئیمارات زۆر گرنگ بوو، ئەنجامێکی ئیجابیی هەبوو، چونکە دوای سەردانەکە ئیمارات ڕایگەیاند بە بایەخەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن، بۆیە ئەو سەردانە دەبێتە هۆی ئەوەی لە هەموو بوارەکاندا هەردوولا سوود لە پەیوەندییەکان وەربگرن .

ڕاوێژکاری سەرۆکی هەرێمی کوردستان، زیرەک کەمال، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: وڵاتی ئیمارات پەیوەندییەکی مێژووییی هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لەو چوارچێوەیە بوو بۆ ئیمارات و لە بەرنامە و ستراتیژیەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەیە لە چوارچێوەی دەستووری عێراق لەگەڵ هەموو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پەیوەندییەکان لە هەموو ڕوویەکەوە بەهێز بێت و هەرێمی کوردستانیش گرنگییەکی زۆری هەیە لای ئیمارات و دوای سەردانی سەرۆکی هەرێم بۆ ئیمارات ئەوان بەفەرمی ڕایانگەیاند بە بایەخەوە لە هەرێمی کوردستان دەڕوانن و بە ڕێزەوە تەماشای گەلی کوردستان و مێژووی گەلی کوردستان و خەباتی سیاسیی گەلی کوردستان دەکەن، بۆیە سەردانەکە زۆر ئیجابی بوو بۆ گەلی کوردستان و هەموو لایەک.

زیرەک کەمال گوتیشی: پەیوەندیی هەرێمی کوردستان و ئیمارات جۆراوجۆرن و سەرۆکی هەرێم و ئیمارات لە بەرنامەیاندایە پەیوەندیی ئابووری و کۆمەڵایەتی و کولتووریی نێوان هەرێم و ئیمارات لە هەموو ڕوویەکەوە بەهێز بێت بۆ ئەوەی بتوانێت ئەو پەیوەندییانە لە قازانج و سوودی هەردوولا بێت .

ئەمەش لە کاتێکدایە، ڕۆژی پێنجشەممە بە بانگهێشتی فەرمیی سەرۆکی ئیمارات، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، سەردانی وڵاتی ئیماراتی کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئیمارات دەربارەی چەندین پرسی گرنگ کۆبوونەوەیان ئەنجام دا و دواتریش سەرۆکی هەرێم کۆتاییی بە سەردانەکەی هێنا و گەڕایەوە هەرێمی کوردستان.

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار