٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بەرپرسی لقی نۆ: پلان و بەرنامەمان هەیە خزمەتی زیاتری خەڵکی دەڤەرەكە بکەین

سەرچاوە: KDP.info

ئاکرێ -KDP.info- بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاکرێ دوای دەستبەکاربوونی وەکوو بەرپرسی لق، باس لە پلان و بەرنامەی خۆیان دەکات لە سنووری هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش و دەڵێت، پلان و بەرنامەی ئێمە ئەوەیە کە ئەو دوو قەزایە زیاتر پێش بخەین و خزمەتی خەڵکی ناوچەکە بکەین و چیی تر چاومان لە ناوچەکانی دیکە نەبێت وەکوو ئەوان بین، بەڵکو لە هەموو ڕوویەکەوە خزمەتی ناوچەکە بکەین، چونکە ئەو دوو قەزایە هەموو پێداویستیی پێشخستنی تێدایە، بەتایبەت لە بواری گەشتوگوزار و کشتوکاڵ، جەختیشی کردەوە، دوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان گۆڕانکاری لە بەرپرسی بنکەکان تا دەگاتە کارگێڕی لق و بەرپرسی بەشی مەکتەبی ڕێکخستنەکان دەکرێت، ئەویش لە ڕێگەی بەڕێوەبردنی کۆنفرانس و بە هەڵبژاردن دەبێت.

بەرپرسی لقی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئاکرێ، مەردان خدر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: لای ئێمە بەرپرسیارەتی، خزمەتکردنە و ئێمە ڕاسپێردراوین خزمەتی ناوچەکە بکەین بەگشتی و خزمەتکردنی ئەو ناوچەش وای دەبینین لە چوارچێوەی پارتایەتی ڕاستەقینە و جێبەجێکردنی بنەمای ڕێبازی پیرۆزی بارزانیی نەمر هەروەکوو سەرۆک بارزانی لە کۆنگرەی 14ی پارتی دیموکراتی کوردستان داکۆکی لەوە کردووە لە داهاتوو کادیر و ئۆرگانەکانی پارتی بگەڕێنەوە سەر پارتایەتیی ڕاستەقینە و جێبەجێکردنی ڕێبازی بارزانیی نەمر، بۆیە بۆ کەسێک کە بەرپرسی لق بێت و خەڵکی ئەو ناوچەیە نەبێت، جارێک ئەرک بێت خزمەتی دەڤەرەکە بکات، بۆ من کە خەڵکی دەڤەرەکەم دوو جار ئەرکە، یەکێکی ئەرکێکی پارتایەتی لەسەر شانی ئێمەیە خزمەتی خەڵکی خۆمان بکەین و ئەوەی دیکە کە خۆمان خەڵکی ناوچەکە و دەڤەرەکەین ئەرکێکی دیکەی شەخسییش دەکەوێتە سەر شانمان، بێ شک پلان و بەرنامەی باشمان هەیە، هەم وەکوو بەرپرسی لق و هەم وەکوو لق بەگشتی بە هاوکاریی هەموو دامودەزگا حیزبی و حکوومی و سەربازییەکان بە هەماهەنگی ئەو دەڤەرە پێش بخەین و خزمەتیان بکەین و ئەو دەڤەرە ئەو گلەییە نەمینێت کە چاومان لەوە بێت ئاکرێ و بەردەڕەش وەکوو ناوچەکانی دیکەی لێ بێت، خواستی ئێمە ئەوەیە ئاکرێ و بەردەڕەش لە هەموو ڕوویەکەوە پێش بخەین، چونکە لەو ناوچانە هەموو پێداویستیی پێشکەوتن هەیە، بەتایبەت لە بواری گەشتیاری و کشتوکاڵی و ئەگەر بتوانین سەرمایەیەکی باش لە ناوچەکە بکەین و سەرمایەداران ڕابکێشین پێشکەوتنی زۆر باش دروست دەبێت.

مەردان خدر گوتیشی: بەخۆشحاڵییەوە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە چاوێکی زۆر باش تەماشای ناوچەکە دەکات و خزمەتێکی زۆر باشیان دەکات و بەردەوام پڕۆژەی ڕێگاوبان و ئاو و پەروەردە و خوێندنی باڵا و بوارەکانی دیکە جێبەجێ دەکرێن، بەڵام ئێمە خواستی زیاترمان هەیە و دەمانەوێت لە هەموو ڕوویەکەوە ئەو ناوچەیە پێش بخرێت، ئەوە بە هاوکاریی هەموو لایەک دەکرێت.

خدر باسی لەوەش کرد: ''بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پارتی لە کۆنگرەی 14 پەسەند کراوە، پێویستە لە بەرپرسی بنکەکانی پارتی تا دەگاتە کارگێڕی لقەکان بە هەڵبژاردن و کۆنفرانس گۆڕانکاری بکرێت و تەنانەت بەرپرسی بەشەکانی مەکتەبی ڕێکخستنیش بە هەڵبژاردن دیاری دەکرێن و بڕیار بوو پرۆسەکە دوای گۆڕانکاری بەرپرسی لقەکان بەڕێوە بچێت، بەڵام بەهۆی نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵ بەڕێوە بچێت کە ڕەنگە بەم نزیکانە مەرسوومی دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن دەربکرێت، بۆیە بە بڕیاری مەکتەبی سیاسی بەڕێوەبردنی کۆنفرانس بۆ دوای هەڵبژاردن دوا خراوە، بێ گومان دوای هەڵبژاردن هەر لە بەرپرسی بنکە تا کارگێڕی لق و بەرپرسی بەشی مەکتەبی ڕێکخستن بە هەڵبژاردن گۆڕانکاریی تێدا دەکرێت، بۆیە لەو ئاستە گۆڕانکاری ڕاگیراوە.

گوتیشی: دوای دەستبەکاربوونمان دەستمان بە ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کردووە، وەکو پارتی بەگشتی و لقی نۆ بەتایبەتی ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و قۆناغ بە قۆناغ ئامادەکاری دەکەین و پشتڕاستین لەو هەڵبژاردنە پارتی سەرکەوتنی باش بەدەست دێنێت، بەتایبەت لە هەردوو قەزای ئاکرێ و بەردەڕەش.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار