٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

فراکسیۆنی پارتی داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان پەرلەمانی ئەورووپا و عێراق دەکات

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا -KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بۆ هەماهەنگی و هاوکاریی زیاتر لە نێوانیان داوا دەکات کە لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان پەرلەمانی عێراق و ئەورووپا پێک بێت.

لە ڕاگەیاندراوێکدا کە کۆپییەکی بە دەست ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گەیشتووە، هاتووە: ''سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوە لە پەرلەمان،  د. ڤیان سەبری، داوای پێکهێنانی لیژنەیەکی هاوبەش لە نێوان پەرلەمانی ئەورووپا و پەرلەمانی عێراق دەکات بە ئامانجی زیادکردنی هەماهەنگی و هاوکاریی دووقۆڵی و چەسپاندنی پەیوەندیی نێوانیان و ئاڵوگۆڕی ئەزموون لە بواری پەرلەمانی و سەردانکردنی شاندی پەرلەمانی لەلایەن هەردوولاوە.''

لە ڕاگەیندراوەکەدا هاتووە: ''د. ڤیان سەبری جەختی لە گرنگیی ئەم لیژنەیە و پێکهێنانی کردەوە بۆ پتەوکردنی پەیوەندی و هاوکاری و هەماهەنگیی نێوان ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و پەرلەمانی ئەورووپا، بەتایبەت لە بوارەکانی ئەمنی و سەربازی و ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێنان و پاڵپشتی و پەرەپێدانی کەرتی تایبەت، هەروەها هاوکاری لە بوارەکانی پرسی کۆچی نایاسایی و مافی مرۆڤ و منداڵان، هاوکات هاوکاری لە بواری نەوت و گاز و یاسادانان و چاودێری.''

ئەو داواکارییەی سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە چوارچێوەی کۆبوونەوەی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق لەگەڵ شاندێکی یەکێتیی ئەورووپا بە سەرۆکایەتیی خاتوو سارا سکێتیدال، ئەندامی پەرلەمانی سوید بوو.

بڵند ئیبراهیم

هەواڵی پەیوەندیدار