سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا كۆبووه‌وه

هه‌ولێر-KDP.info- به‌یانیى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2023/3/8 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له خاتوو ئەنالینا بێربۆک، وه‌زیرى ده‌ره‌وه‌ى ئه‌ڵمانیا كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا به ئاماده‌بوونى به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى سوپاسى هاوكارى و پشتگیریى سه‌ربازى و مرۆیى و سیاسیى ئه‌ڵمانیاى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرد، هه‌روه‌ها دووپاتى كرده‌وه كه هه‌ڕه‌شه‌كانى تیرۆر هێشتا به‌رده‌وامن، بۆیه عێراق و هه‌رێمى كوردستان پێویستییان به به‌رده‌وامیى پشتگیریى ئه‌ڵمانیا و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌یه.
لاى خۆیه‌وه خاتوو بیربۆك دووپاتى كرده‌وه كه ئه‌ڵمانیا به بایه‌خه‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان و ئارامى و سه‌قامگیریى سیاسى و ئابوورییان ده‌ڕوانێت. له‌مباره‌وه ئاماژه‌ى به گرنگیى جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال كرد كه ده‌بێته هۆى گه‌ڕانه‌وه‌ى ئاواره‌كان و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى ناوچه‌كه.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێز شێخ جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا جێگرى سه‌رۆك ئاماده‌ى بوو، په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌كه بوو. تیایدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى ئاماژه‌ى به هه‌بوونى كه‌شێكى ئه‌رێنیى گفتوگۆى نێوان هه‌ردوولا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان كرد، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به هه‌ماهه‌نگیى پته‌وى نێوان سوپاى عێراق و پێشمه‌رگه بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى داعش كرد.
په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى ئاواره و په‌نابه‌ران له هه‌رێمى كوردستان، دۆخى شه‌نگال و ئێزدییان به‌گشتى و چه‌ند پرسێكى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو. تیایدا سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاسى ئه‌ڵمانیاى كرد بۆ پشتگیرى و هاوكاریكردنى ئێزدییان و ناساندنى كۆمه‌ڵكوژییان به جینۆساید له په‌رله‌مانى ئه‌ڵمانیا.




