٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

نێچیرڤان بارزانى: به‌رژه‌وه‌ندى و به‌هاى هاوبه‌ش لەگەڵ ئەمەریكا كۆمانده‌كاته‌وه‌‏

سەرچاوە: KDP.info

پاش كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2023/3/7ى به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى ‏كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ڕێز لۆید ئۆستن وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا، ده‌رباره‌ى ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌كه‌، ‏لێدوانى ڕۆژنامه‌وانییان به‌ كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندن و ڕۆژنامه‌نووسان دا، ئه‌مه‌ ده‌قى هه‌ردوو ‏لێدوانه‌كه‌یه‌:‏

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى:‏

ڕۆژ باش،

زۆر خۆشحاڵم كه‌ ئه‌مڕۆ لێره‌ پێشوازى له‌ به‌ڕێز لۆید ئۆستن وه‌زیرى به‌رگریى ‏ئه‌مه‌ریكا و دۆستى ‏دێرینى گه‌لى كوردستان و عێراق ده‌كه‌م. بێگومان هاتنی بەڕێزیان په‌یامێكى ‏گرنگ و ڕوونى ‏دڵنیاكردنه‌وه‌ و پشتگیریى ئه‌مه‌ریكایه ‌له‌ هه‌رێمى كوردستان و ‏عێراق. ‏
كۆبوونه‌وه‌یه‌كى باشمان هه‌بوو. باسمان له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ردوولا له‌سه‌ر بنه‌ماى ‏ڕێككه‌وتنى ‏چوارچێوه‌ى ستراتیژیى عێراق و ئه‌مه‌ریكا كرد.‌ جه‌ختمان له‌ پێویستیى ‏به‌رده‌وامیى هاریكاریى ‏هاوبه‌ش و پشتگیریى ئه‌مه‌ریكا و هاوپه‌یمانانی نێوده‌وڵه‌تى بۆ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌ ‏بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى تیرۆر. هه‌روه‌ها باسمان ‏له‌ گرنگیى هاریكاریى پێشمه‌رگه‌ و سوپاى عێراق ‏كرد بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى داعش.‏

جه‌ختمان له‌ گرنگیى به‌رده‌وامیى پشتیگریى ئه‌مه‌ریكا و وڵاتانى دۆست له‌ پرۆسه‌ى ‏چاكسازى له‌ ‏وه‌زاره‌تی پێشمەرگە و ڕێكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ كرده‌وه‌. دڵنیامان كرده‌وه‌ كه‌ ‏سوورین‌ له‌سه‌ر ‏ڕیكخستنه‌وه‌ى پێشمه‌رگه‌ و ته‌گه‌ره‌كانى به‌رده‌میان تێده‌په‌ڕێنین. ‏هه‌روه‌ها له‌ هه‌وڵه‌كانمان ‏به‌رده‌وام ده‌بین بۆ یه‌كڕیزى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانی ‏ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان. ‏

هاوڕا بووین كه‌ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا، ئارامى و سه‌قامگیریى ‏سیاسى و ‏ئه‌منى و ئابوورى بۆ عێراق له‌گه‌ڵ خۆیدا ده‌هێنێت. هاوڕا بووین له‌سه‌ر ‏گرنگیى پشتگیرى له‌ ‏حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق و كاركردنى پێكه‌وه‌ى هاوبه‌شمان له‌ ‏ناوچه‌كه‌ بۆ پاراستنى ‏سه‌قامگیرى. هه‌روه‌ها ‏دووپاتمان كرده‌وه‌ كه‌ هه‌رێمى كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ فاكته‌ر‌ى ئارامى و ‏‏سه‌قامگیرى ده‌بێت.‏

جه‌نابى وه‌زیر، ‏
دووباره‌ زۆر زۆر به‌خێر بێن بۆ هه‌ولێر، سوپاسى ڕۆڵى تایبه‌تى جه‌نابتان ده‌كه‌ین له‌ ‏هاوكاریكردنى ‏پێشمه‌رگه‌. سوپاسى ئه‌مه‌ریكا ده‌كه‌ین بۆ پشتگیریى به‌رده‌وامى له‌ ‏عێراق و هه‌رێمى كوردستان. ‏ئێمه‌ به‌رژه‌وه‌ندى و به‌هاى هاوبه‌ش لەگەڵ ئەمەریكا كۆمانده‌كاته‌وه‌. ‏پێكه‌وه‌ ده‌توانین ئارامى و ‏سه‌قامگیریى عێراق و به‌رژه‌وه‌ندیى‌ هاوبه‌ش بپارێزن.‏

زۆر سوپاس بۆ هاتنتان، ڕۆژێكى خۆش. ‏

به‌ڕێز لۆید ئۆستن، وه‌زیرى به‌رگریى ئه‌مه‌ریكا:‏

جەنابی سەرۆك، ‏
زۆر خۆشحاڵ بووم كە ئەمڕۆ جەنابتانم بینی. هەستێكی خۆشم هەیە كە ئەمڕۆ لە هەولێرم. بۆ ‏ماوەی دەیان ساڵ شان بە شانی یەكتر لە هەندێك كاتی زۆر سەختدا پێكه‌وه‌ كارمان كردووە. لە ‏سەردەمی ”ئۆپەراسیۆنی دابینكردنی ئارامی” تا شەڕی ئێستا و هاوبەشمان لە دژی داعش بە ‏بەردەوامی پێكه‌وه‌ كارمان كردووە.‏

‎‏ ئەمەریكا و عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە هەنگاوی زۆر مەزنمان بۆ گەڕانەوەی سەروەریی ‏عێراق ناوە. لە چوارچێوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیدا بۆ تێكشكاندنی داعش، زیاتر لە پەنجا هەزار ‏كیلۆمەتری دووجامان لە مۆتەكەی داعش ئازاد كردووە، هەروەها زیاتر لە چوار ملیۆن و پێنجسه‌د ‏هه‌زارمان لە خەڵكی عێراق ڕزگار كردووە.‏

‎بۆیە لە جێی خۆیەتی دەستخۆشی لەو ڕۆڵ و یارمەتیدانە پڕ بەهایە بكەم كە بەتایبەتى لەلایەن ‏پێشمەرگەوە وەك بەشێك لە هێزەكانی ئاسایشی عێراق، لەو جەنگەدا پێشكەش كراوە.‏

‎دەبێت جەخت لەوە بكەمەوە كە هێزەكانی ئەمەریكا ئامادەن لەسەر بانگێشتی حكوومەتی عێراق ‏لە عێراقدا بمێننەوە بۆ پشتگیریكردنی هەڵمەتی شەڕی عێراق دژی داعش. ئێمە خۆشحاڵین كە ‏توانیمان پشتگیری لە هێزەكانی ئێوە بكەین و بەرگری لە خەڵكی عێراق بكەین.‏

‎هەروەها حەز دەكەم پشتگیریی خۆمان بۆ ئەو یاداشتى لێكگەیشتنە ڕابگەیەنین كە وەزارەتی ‏بەرگریی ئەمەریكا ساڵی پار لەگەڵ وەزارەتی پێشمەرگەی ئێوە واژۆی كرد. ئەو یاداشتە جەخت ‏لە ئامادەییی ئێمە دەكاتەوە بۆ بەردەوامبوون لە دابینكردنی یارمەتیی ئەمنی بۆ هێزەكانی ئێوە و لە ‏هەمان كاتدا بۆ چاكسازیی دامەزراوەیی.‏

‎داعش بەردەوامە لە هەڕەشە لە ژیان و گوزەرانی خەڵكی عێراق، بۆیە هاوبەشی و هاوكاریی ‏بەردەوامی ئێمە زۆر گرنگە، هەروەها هەماهەنگیی هێزەكانی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان ‏لەگەڵ هێزەكانی ئاسایشی عێراقی پێویستە، بەتایبەتی لە لیوا هاوبەشەكاندا.‏

‎بەداخەوە داعش تاكە هەڕەشەی سەر هەرێم نییە. وڵاتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا سەركۆنەی ‏هێرشە بەردەوامەكانی ئێران دەكات كە لەودیوی سنوورەوە دەكرێن. ئەم هێرشانە پێشێلكارین بۆ ‏سەر سەروەریی عێراق، ژیانی عێراقییەكان دەخاتە مەترسییەوە و خەڵكی عێراق لە پێشكەوتن ‏ڕادەگرێت. ‏

ئەمەریكا بەردەوام دەبێت لە پاڵپشتی لە خەڵكی عێراق. عێراق بۆ ئەوەی بتوانێت هەموو تواناكانی ‏خۆی بەكاربهێنێت، پێویستە هەولێر و بەغدا پێكه‌وه‌ كار بۆ بەرژوەندیی هەموو عێراقییەكان بكەن. ‏پێویستە سەركردە كوردەكانیش ناكۆكی و جیاوازییەكانیان بەلاوە بنێن و یەك بگرن بۆ ‏مسۆگەركردنی هەرێمی كوردستانی عێراقی خۆشگوزەران و ئارام. ‏

جەنابی سەرۆك،
سوپاس بۆ خانەخوێیی جەنابتان و تیمەكەتان. ‏
سوپاس بۆ ئەو گفتوگۆیە زۆر باشەی كە هەمانبوو و بە پەرۆشییەوە دەڕوانینە بەهێزكردنی زیاتری ‏هاوبەشیمان.‏

هەواڵی پەیوەندیدار