بەرپرسی لقی یەک: بەڵێن دەدەین لە خزمەتکردنی خەڵک و نیشتمان بەردەوام بین

دهۆک -KDP.info- بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک گوتی، وەکوو پێشمەرگە لە خزمەتی خەڵک و نیشتمان بەردەوام دەبین و چاودێریی ئەدای کادیرانی خۆمان دەکەین لەناو حکوومەتدا بۆ ئەوەی خزمەتی زیاتری خەڵکی خۆمان بکرێت بەپێی ئەوەی لە چوارچێوەی بەرنامەی حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دانراوە، ئەویش بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزارییەکان و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی.
عەلی عەونی، بەرپرسی لقی یەکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دهۆک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''ئێمە سوپاسی جەماوەری دهۆک دەکەین کە ئێمەیان خستە ژێر بەرپرسیارەتییەکی قورس، بە سەردان و پیرۆزباییەکانیان کە لە هەموو چین و توێژەکان سەردانی ئێمەیان کرد، ئەوەش ئێمەی خستە ژێر بارێکی قورس و پێویستە ئەو بەرپرسیارەتییە هەڵگرین بەرامبەر خەڵکی خۆمان و بەڵێن دەدەین لەسەر ڕێبازی پارتی و بارزانی وەکوو پێشمەرگە خزمەتی خەڵک و نیشتمانی خۆمان بکەین و لە تێکۆشان بۆ ئازادیی کوردستان بەردەوام بین.''
عەلی عەونی گوتیشی: ''ئەنجامەکانی کۆنگرە هێدی هێدی پیادە دەکرێن، لەوانە ئاڵوگۆڕکردن کە لە کۆنگرە بڕیاری لێ دراوە و یەکێک لەوانە من بوومە بەرپرسی لقی یەک و گۆڕانکارییەکان بەردەوام دەبن لە لق و لیژنەی ناوچەکان و، ئێمە بەردەوام دەبین لە چاودێریکردنی کاروباری ئیدارە کە سەرۆکی حکوومەت خۆی لە بەرنامەی خۆیدا ڕایگەیاندووە، بەرزکردنەوەی ئاستی خزمەتگوزاری و ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و کارکردن بۆ کوردستانێکی بەهێزە، بۆیە ئێمەش لە شوێنی خۆمان چاودێریی ئەدای کادیرانی خۆمان دەکەین و کار دەکەین لەسەر ئاستی ناوخۆییش حکوومەتێکی خزمەتگوزار بێت کە لە خزمەتی بەرژەوەندیی میللەتی خۆمان بێت.
عەونی باسی لەوەش کرد: هەموو حزبێک ئەگەر حزبێکی ڕاستەقینە بێت خۆی بۆ هەڵبژاردن ئامادە بکات و کاری هەرەسەرەکیی ئێمەش ئەوەیە کە گرێبەستێکمان لەگەڵ خەڵکی خۆمان هەیە بۆ ئەوەی سیستەمی دیموکراسیمان هەبێت و هەر چوار ساڵ جارێک ئەو گرێبەستە لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە نوێ بکرێتەوە، بۆیە خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ئەوەی دەسەڵات بگرینەوە دەست و خزمەتی میللەتی خۆمان بکەین.''
بڵند ئیبراهیم




