٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

لە ڕێگەی فراوانکردنی وێستگەکانەوە ٧٥٠ مێگاوات بەرھەمی کارەبا زیاد دەکرێت

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی بەرھەمھێنانی وەزارەتی کارەبا ئاشکرای کرد، بەرھەمھێنانی کارەبا زیاد کراوە بۆ زیاتر لە چوار ھەزار مێگاوات و بە تەواوبوونی دوو وێستگەی دیکە لە بازیان و خۆرمەڵە، ٧٥٠ مێگاواتی دیکەی کارەبا زیاد دەکرێت.

پێشڕەو نووری، بەڕێوەبەری گشتیی بەرھەمھێنانی کارەبا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بە گوێرەی پلانی وەزارەت بەرھەمھێنانی کارەبا زیاد کراوە بۆ زیاتر لە چوار ھەزار و ١٠٠ مێگاوات، ئەویش بە فراوانکردن و بەکارخستنی دوو یەکەی دیکە لە وێستگەی گازی بازیان و ئەنجامدانی سیانە لە وێستگەکانی دیکەی کارەبا و ئەوانەی کاتی خۆی نەبوونی گوژمەی پێویست ڕاگیرابوون.''

بەڕێوەبەری بەرھەمھێنانی کارەبا گۆتیشی: "بەردەوام کار لەسەر زیادکردنی بەرھەمی کارەبا دەکرێت و ھەر لە بازیان کار لەسەر فراوانکردنی وێستگەیەکی دیکەی کارەبا دەکرێت کە بەرھەمەکەی ٢٥٠ مێگاواتە و لە وێستگەی گازی خۆرمەڵەش کار بۆ بەرھەمھێنانی ٥٠٠ مێگاواتی دیکە دەکرێت و بە تەواوبوونیان ٧٥٠ مێگاواتی دیکەی کارەبا زیاد دەبێت.''

پێشڕەو نووری ڕوونی کردەوە: "ئەوەی وێستگەی بازیان ئەمساڵ کۆتایی دێت و کارەبا بەرھەم دێنێ، بەڵام وێستگەی گازی خۆرمەڵە دەکەوێتە ساڵی داھاتوو، ھەنگاوەکانی وەزارەت بە ئاراستەی زیادکردنی بەرھەمی کارەبا بەردەوام دەبێت، ئەویش لە ڕێگەی پلانی وەزارەتەوە.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار