گەورەترین دیداری لاوان لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت

هەولێر -KDP.info- سکرتێری گشتیی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان گوتی، گەورەترین دیداری لاوان لە پارێزگای دهۆک بە بەشداریی 700 کوڕ و کچ بەڕێوە دەچێت کە تێیدا شەش کێشە دەستنیشان کراون و پرۆژەش بۆ چارەسەر پێشکەش دەکرێت و چاوەڕێ دەکرێت لەو دیدارە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانیش بەشدار بێت.
سکرتێری گشتیی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان، میەسەر نەهێلی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''بڕیارە 12ی ئەم مانگە دیداری لاوان لە پارێزگای دهۆک بەڕێوە بچێت، ماوەی ساڵێکە کاری لەسەر دەکەین و چوار مانگیشە زۆر بەوردی کاری لەسەر دەکەین و شەش کێشە دیاری کراون، لەوانە ئالوودەبوون و زانکۆ و بێکاری و سۆشیالمیدیا، کە ئەو کێشانەش لە ڕێگەی لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون چارەسەریان بۆ دۆزراوەتەوە، وەکوو پرۆژە و ڕۆژی دیدار ڕادەگەیەندرێت و ئاراستەی لایەنی پەیوەندیدار دەکرێت بۆ ئەوەی کاری لەسەر بکرێت بۆ چارەسەرکردن.''
میەسەر نەهێلی گوتیشی: ئەوەی باسمان کرد بەشێکی دیدارەکەیە و بەشی دووەمیش پێشاگایەکی لاوان دەکرێتەوە، کە سێ جۆرە کاری تێدا نمایش دەکرێت، ئەوانیش براند و کاری دەستیی لاوان و پرۆژەی لاوان و پرۆژە زانستییەکانی لاوان کە لە دەرەوە دانی پێدا نراوە و لەسەر ئاستی کوردستان 700 کوڕ و کچ بەشداریی تێدا دەکەن و زۆرینەی خەڵکی دهۆک و نزیکەی 400 کەسیش خەڵکی کەرکووک و گەرمیان و شارەکانی هەرێمی کوردستانن، کە بۆ ماوەی یەک ڕۆژ بەردەوام دەبێت لە کاتژمێر 10:00ی بەیانی تاوەکوو کاتژمێر 4:00ی ئێوارە بەردەوام دەبێت.
نەهێلی باسی لەوەش کرد: ئامانجی ئێمەش لەو دیدارە ئەوەیە بەرپرسیارەتیی لاو چییە و هەر تەنها کێشە و گرفتی خۆمان نەخەینە سەر شانی کەس و لایەنی دیکە و ئێمە کە دەتوانین بەرپرسیارەتی هەڵگرین شان بە شانی حکوومەت و دامودەزگاکانی خۆمان بۆ بەدەستهێنانی مافی خۆمان و شتی باشتر.
گوتیشی: سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان میوانداری کراوە بەفەرمی و چاوەڕێ دەکەین بەشدار بێت، بێ گومان سەرۆکی حکوومەتیش خۆشحاڵ دەبێت و دیدارەکەی ئێمە دەوڵەمەند دەکات بە بەشداریکردنی خۆی.




