دژوار فایەق: بڕیاری تاپۆکردنی خانوو و زەوی لە سنووری ماددەی ١٤٠ بەعەرەبکردنی نوێیە
__2023_03_06_h15m4s27__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- بەپێی بڕیارێکی عێراق ھەموو ھاووڵاتیان مافیان ھەیە لە کوێ مڵک بکڕن و بخرێتە سەر ناویان، بەرپرسێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانیش ھۆشداری ددەدات لە مەترسی جێبەجێکردنی بڕیارەکە بۆ سەر کەرکووک و ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠.
دژوار فایەق، سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیاری تاپۆکردنی خانوو لەسەر ھەموو ھاووڵاتییانی عێراق کاریگەریی لەسەر ناوچەکانی ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەبێت، چونکە ئەو بڕیارە گونجاو نییە بۆ ڕەوشی ئێستای عێراق، لەبەر ئەوەی عێراق ھەندێ ناوچەی ناو ناوە کێشەلەسەر، جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە لە ناوچە کێشەلەسەرەکانی وەک کەرکووک و ناوچەکانی دیکەی سنووری ماددەی ١٤٠ی دەستوور دەگرێتەوە و زیانی ھەیە و کێشەی گەورە دروست دەکات.''
سەرۆکی بۆردی ماددەی ١٤٠ گوتیشی: "بڕیارەکە دەبێتە ھۆی گۆڕینی دیموگرافیای ئەو سنوورانە و کاریگەریی لەسەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی دروست دەکات، لەبەر ئەوەی بڕیارەکە دەبێتە ھۆی گۆڕینی کەلتوور و دیموگرافیای ناوچەکە، ئێستا عەرەبی شیعە باڵادەستە لە عێراق جێبەجێکردنی بڕیارێکی وەھا لە شارە سوننەکان دیسان کێشە دروست دەکات.''
دژوار فایەق ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "ئەم بڕیارە لە وڵاتێکی دیکە بێت کە لە یەک نەتەوە و ئایین و پێک ھاتبێت ئاساییە، بەڵام بۆ وڵاتێکی فرەنەتەوە و ئایین و مەزھەب و دیموکراتی و عەدالەتی تێدا بەرجەستە بێت و مافی پێکھاتەکان پارێزراو بێت، نەک مەبەستی گۆڕینی دیموگرافیای لەپشتەوە بێت، عێراق ئەگەر کێشەی ناوخۆیی نەبوایە ئاسایی بوو بڕیارێکی وەھا دەربکات، بۆ نموونە، ماددەی ١٤٠ جێبەجێ بکرایە، ئاسایی بوو، ئێستا پێم وایە دەبێتە ھۆی بەعەرەبکردنی نوێ بۆ کەرکووک و ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠.''
قائید میرۆ




