٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پشتگیریی سەرۆکی حکوومەت لە گەنجان هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ ئەوەی سوود لە تواناکانیان وەربگرن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان گوتی، پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەنجان وا دەکات، کە سوود لە تواناکانی وەربگرن و دەرفەتی کار بۆ خۆیان بڕەخسێنن و پێویستیان بە دامەزراندن نەبێت لە کەرتی گشتی و ڕوو لە کەرتی تایبەت بکەن.

دکتۆر ئەرشەد تەها، ڕاوێژکاری ئابووریی پەرلەمانی کوردستان و مامۆستای زانکۆ، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: یەکێک لە کارە سەرەکییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە دەرفەت لە بەردەم گەنجان بڕەخسێنێت و پاڵپشتیان بکرێت و ئەوەی گرنگە، ئەوانیش پەرە بە تواناکانی خۆیان بدەن و ئاراستەی کاری حکوومەت بەو شێوەیە کە داهاتەکان فرەچەشن بکات و گەنجەکانی ڕۆڵی سەرەکی تێدا ببینن و دەستکراوەتر بن و ڕێکخستنەوە بۆ یاساکان بکرێت و دەرفەتی کارکردن بۆ گەنجان فراوانتر بێت، بەوەش سەرچاوەی داهاتی تاکەکان فرەچەشن دەبێت و ئابوورییش فرەچەشن دەبێت و لە ڕێگەی پڕۆژەی بچووک ئاسانکاریی زیاتر بۆ گەنجان بکرێت، بەو جۆرەش پلانی  گەشەپێدانی ئابووری بێتە پێشەوە و سوود لە توانای گەنجەکان وەربگرن.

دکتۆر ئەرشەد تەها گوتیشی: پشتگیریی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ گەنجان زۆر بەهادارە، بۆ ئەوەی گەنجان بتوانن چیی تر داواکاری لە کەرتی گشتی نەکەن و لە کەرتی تایبەت پەرە بە توانا و لێهاتوویی خۆیان بدەن .

تەها باسی لەوەش کرد: بەهۆی ئەوەی لە ڕابردوو سەرچاوەی داهات تەنها نەوت بووە و گەنجانیش ڕوویان لە دامەزراندن لە کەرتی گشتی کردووە، بەڵام بێ گومان پشتگیریی سەرۆکی حکوومەت بۆ گەنجان کارێکی گرنگە، چونکە گەنجەکان دەتوانن ئەو توانا و حەز و ئارەزووانەی هەیانە سوودی لێ وەرگرن لە کەرتی تایبەت و دەرفەتی کاری پێ بڕەخسێنن، بۆ ئەوەی بتوانن دەرفەتی کار بۆ خۆیان و هاوپیشەکانی خۆیان بڕەخسێنن .

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار