٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

حکوومەتی هەرێم بە دوو جۆر کار لەسەر پێشخستنی کەرتی پیشەسازی دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتی، حکوومەتی هەرێمی کوردستان گرنگیی زۆری بە کەرتی پیشەسازی داوە و هەموو هاوکاری و ئاسانکارییەک دەکات بۆ ئەوەی هەم کارگەکان بخرێنەوە کار و بەرهەمیان هەبێت و هەم ناوچەی پیشەسازی لە هەموو پارێزگا و شارەکان دروست بکرێن، چونکە یەکێک لە بەرنامەکانی حکوومەت گرنگیدانە بە کەرتی پیشەسازی.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە کارنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان هاتووە سەرچاوەکانی داهات هەمەچەشن بکرێت، بۆ ئەو مەبەستەش گرنگی بە کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و بازرگانی و گەشتوگوزار بدرێت لەو چوارچێوەیە کار لەسەر ئەوە دەکرێت چۆن کەرتی پیشەسازی پێش بخرێت، کە دەیان کۆنفرانس کراوە و دەیان سیمینار کراوە و ڕای خاوەنپڕۆژە و کارگەکانی پیشەسازی وەرگیراوە و داخوازییەکانیان بەهەند وەرگیراوە و هەوڵ دراوە و پرۆسەکە دەستی پێ کردووە کە پشتگیریی خاوەنپڕۆژەکانی پیشەسازی بکرێت بە کەمکردنەوەی کرێی کارەبا و لێخۆشبوونی گومرگی بۆ ئەو کەلوپەلانەی هاوردەی دەکەن بۆ کارگەکان و هەندێک داخوازیی دیکەشیان هەن کە بۆیان جێبەجێ بکرێت، بۆ ئەوەی کارگەکان بەگەڕ بخرێنەوە، چونکە کارگە بکەونەوە کار بەرهەم زیاد دەبێت و بەرهەم زیاد بوو پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەکرێتەوە و ئەوەی دیکەش ڕەوانەی دەرەوە دەکرێت، بۆیە دواتر دراوی قورس دێتەوە هەرێم و گەشەپێدانی ئابووری بەردەوام دەبێت و ئەمە بەرنامەی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە.

نەوزاد شێخ کامیل گوتیشی: نزیکەی چوار کارگەمان هەیە و زۆرینەیان داخراون و ئێستا وردە وردە بەکار دەخرێنەوە، بۆیە ئاسانکاری تەواویان بۆ دەکرێت بۆ ئەوەی بەکار بخرێنەوە و بەرهەمیان هەبێت و لە پارێزگاکان دەست بە دروستکردنی ناوچەی پیشەسازی کراوە و لە هەموو پارێزگا و شارەکان دروست دەکرێت، بۆ ئەوەی کەرتی پیشەسازی پێش بخرێت و گرنگیی زیاتری پێ بدرێت.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار