سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان پێشوازى له میرى ئێزدییان كرد

هەولێر-KDP.info- پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه 2023/3/6 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز میر حازم ته‌حسین به‌گ، میرى ئێزدییان كرد.
له دیدارێكێدا دۆخى ئێزدییان له كه‌مپه‌كانى ئاواره‌یى و شه‌نگال و له ده‌ره‌وه‌ى وڵات تاوتوێ كرا و تیشك خرایه سه‌ر به‌رده‌وامیى پرۆسه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێنراوانى ئێزدى و ژیان و گوزه‌رانى ڕزگاركراوان و چۆنیه‌تیى یارمه‌تیدانیان.
هه‌ردوولا جه‌ختیان له گرنگیى بایه‌خدانى به‌رده‌وام به دۆخى ئێزدییان و جێبه‌جێكردنى ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان و حكوومه‌تى فیدراڵیى عێراق بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال كرده‌وه، بۆ ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى ناوچه‌كه بتوانن بگه‌ڕێنه‌وه شوێنه‌كانیان و له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمى كوردستان، عێراق و جیهان یارمه‌تى بدرێن بۆ ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ى شه‌نگال و ناوچه‌كه به‌گشتى.
سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى به‌رده‌وامیى هه‌موو پشتگیرییه‌كى بۆ ئێزدییان و پاراستنى مافه‌كانیان له عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها دڵنیایى دا كه پرۆسه‌ى ڕزگاركردنى ڕفێنراوان و ئاشكراكردنى چاره‌نووسیان به‌رده‌وام ده‌بێت و هه‌رچى پێویست بێت بۆ ڕزگاركردن و یامهتیدانیان، درێخى ناكرێت.
لاى خۆیه‌وه به‌ڕێز میرى ئێزدییان، سوپاس و پێزانینى خۆى و ئێزدییانى بۆ پشتگیریى به‌رده‌وام و هاوكارییه‌كانى سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، به‌تایبه‌تیش هه‌وڵه‌كانى به‌ڕێزیان بۆ ڕزگاركردنى ڕفێنراوانى ئێزدى و به‌رگریكردن له مافه‌كانیان، ده‌ربڕى.
ئه‌نجامى دوایین سه‌ردان و دیداره‌كانى به‌ڕێز میرى ئێزدییان له‌گه‌ڵ قه‌داسه‌تى پاپاى ڤاتیكان و به‌رپرسانى وڵاتان له ئه‌ورووپا و عێراق و ناوچه‌كه، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى دیداره‌كه بوو.




