پارتی و یەکێتی سیغەیەک بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن ئامادە دەکەن

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی یاساییی دەزگای ھەڵبژاردنی پارتی ئاشکرای کرد، ئاستەنگ لەبەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردن نەماوە و پارتی و یەکێتی لەگەڵ لایەنەکانی دیکە سیغەیەکی ھاوبەش بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردن ئامادە دەکەن.
ھاوار محەمەد، بەرپرسی یاساییی بەشی ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بڕیارە لەگەڵ یەکێتی و لایەنەکانی دیکە سیغەیەکی ھاوبەش بۆ ھەمواری یاسای ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان ئامادە بکەین بۆ ئەوەی بتوانن لەو ماوەیەی ویلایەتی پەرلەمانی بۆ درێژ کراوەتەوە پرۆسەی ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.''
بڕیار بوو ئەمڕۆ جارێکی دیکە پارتی و یەکێتی لەبارەی پرسی ھەڵبژاردنەوە کۆ ببنەوە، بەڵام بەھۆی تێکچوونی ڕەوشی تەندروستیی سەرۆکی شاندی یەکێتییەوە کۆبوونەوەکە بۆ ڕۆژانی داھاتوو دوا خرا.
بەرپرسەکەی پارتی گوتیشی: "لە میانەی کۆبوونەوەی ڕابردوو و ئێستاش ھیچ ئاستەنگێک نابینین لەبەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردن، واتە لەمپەر لەبەردەم ھەڵبژاردن نەماوە و گەشبینین بەوەی لە ڕۆژانی داھاتوودا بگەینە سیغەیەکی ھاوبەش و ڕێکەوتنی تەواو لەسەر خاڵە ناکۆکەکان بکرێت.''
قائید میرۆ




