نەبەز ئیسماعیل: پێداچوونەوە بە مڵکەکانی ئەوقافدا دەکرێت
__2023_03_05_h17m59s4__HK.jpg)
هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاشکرای کرد، پێداچوونەوە بە مڵکەکانی ئەوقافدا دەستی پێ کردووە و دەشڵێت، جگە لە پێداچوونەوە بە کرێی نرخی مڵکەکاندا ھەموویان بەئەلیکترۆنیش دەکرێن.
نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''ئەنجوومەنی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بڕیاری داوە پێداچوونەوە بە مڵکەکانی ئەوقافدا بکرێت، پڕۆژەکە دەستی پێ کردووە و ئەو مڵکانەی ھی ئەوقافن پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و بە گوێرەی نرخی بازاڕ خەمڵاندنیان بۆ دەکرێت، بە شێوەیەک لە بەرژەوەندیی ھەردوولا بێت، واتە نابێت ھیچ لایەک زەرەر بکات.''
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دەشڵێت: "ئەو مڵکانەی نرخیان زۆر ھەرزانترە لە نرخی بازاڕ پێداچوونەوەیان بۆ دەکرێت و بە گوێرەی ڕێنماییەکی پەیڕەوی ناوخۆی وەزارەتی ئەوقاف کاریشی لەسەر کراوە.''
نەبەز ئیسماعیل ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "پرۆسەی بەئەلیکترۆنیکردنی مڵکەکانی ئەوقافیش دەستی پێ کردووە، ھەموو مڵکەکانی وەقف لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی بەئەلیکترۆنی دەکرێن و ھەنگاوی زۆر باشیان بڕیوە و گەیشتوونەتە قۆناغێکی باش بۆ ئەوەی لەمەودوا بە شێوەی ئەلیکترۆنی مامەڵە بەو مڵکانەوە بکرێت.''
قائید میرۆ




