کرمانج عەبدوڵا: لە هەر شوێنێک پێویست بکات گۆڕانکاری دەکەین

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی لقی 16ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دەوروبەری هەولێر گوتی، دوای کۆنگرەی 14ی پارتی و گۆڕانکارییەکانی و دەستبەکاربوونمان، بەرنامەیەکی شەش مانگیمان داناوە و لە ماوەی ئەو شەش مانگەدا جێبەجێی دەکەین و لە هەر شوێنێکیش لە ناوچە و ڕێکخراوەکان پێویست بکات گۆڕانکاری دەکەین.
کرمانج عەبدوڵا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''دوای دەستبەکاربوونمان وەکوو بەرپرسی لقی 16ی پارتی لە دەوربەری هەولێر ئێمە ئەو بەرنامانە جێبەجێ دەکەین کە لە کۆنگرەی 14ی پارتی بڕیاریان لێ درا و خەریکی دووبارە ڕێکخستنەوە و پێداچوونەوەی ڕێکخستنەکانی خۆمانین و سەردانی زۆرینەی بنکەی کار و ڕێکخستنەکانی خۆمان کردووە و بەرنامەی شەش مانگمان هەیە و لەو ماوەیە بەرنامەی خۆمان جێبەجێ دەکەین و ئەم جارە خۆیشمان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئامادە دەکەین و ئومێد دەکەین سەرکەوتنی گەورە بەدەست بێنین.''
کرمانج عەبدوڵا گوتیشی: ''لەم سەردانانەی خۆشمان گەشبین بووین، ئەندام و لایەنگرانی خۆمان زۆر بە ورەیەکی بەرز ئامادەی ئەوەن کاری پێکەوەیی بکەین و خزمەتی باشتری دەڤەرەکە بکەین و ئومێدێکی زۆرم پێیان هەیە و ئەم سەردانە بۆ ئێمە زۆر دڵخۆشکەر بوو، بەو دڵسۆزی و لەخۆبردوویەی ئەندامان و لایەنگرانی پارتیمان بینیمان جێگەی ئومێدە و هیواخوازین لەو ئەرک و متمانەی بە ئێمە دراوە لەگەڵ خەڵکی تێکۆشەری ناوچەکە کارەکانی خۆمان بکەین و کارێک بکەین لە بەرژەوەندیی خەڵکدا بێت و جێگەی دڵخۆشیی ئەندامان و لایەنگرانی پارتیشمان بێت و دەشتوانین کاری باشتر بکەین بە پشتیوانیی خوا و جەماوەری تێکۆشەری ناوچەکە و خەریکی کاری خۆمانین و لە هەندێک شوێن پێویستی بە گۆڕانکاری هەبێت و لە کاتی گونجاو گۆڕانکاری بکەین لە سنووری ناوچە و ڕێکخراوەکان کە وڵامدەرەوەی ئەو واقیعە بن و باشتر خزمەت بکەن لە ناوچەکە.''
عەبدوڵا ڕوونیشی کردەوە: لە هەر شوێنێک پێویست بکات بۆ باشترکردن، گۆڕانکاری دەکەین.
بڵند ئیبراهیم




