کوڕان و کچان: دەبینە قەڵخانی پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین

هەڵەبجە -KDP.info- ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی گەلی کورد لە باشووری کوردستان دژ بە ڕژێمی سەدام حوسێن تێپەڕ دەبێت کە زوڵم و زۆر و ژێردەستەییی ڕەت کردەوە، لاوانی کوردستان دەڵێن دەبنە قەڵخانی پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین.
محەمەد ساڵح هەڵەبجەیی، چالاکی کۆمەڵگای مەدەنی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ئەمڕۆ 32 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی گەلەکەماندا تێپەڕ دەبێت دژ بە زوڵم و زۆر و ڕەتکردنەوەی ژێردەستەیی دژ بە ڕژێمی سەدام حوسێن، دیکتاتۆر، داوای یەکڕیزی و پێکەوە کارکردنی هەموو لایەنە سیاسییەکان دەکەین بۆ پاراستنی دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین، قەوارەی دەستووری کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە".
محەمەد ساڵح گوتیشی: "ڕاپەڕینی گەلی کورد ئەوەی بۆ دۆست و دوژمنانی گەلەکەمان سەلماند، ناتوانن ئیرادەی سەربەخۆیی و ئازادیی گەلەکەمان خامۆش بکرێت، ئێمەی لاوانی کورد هەمیشە بە ئیرادەی گیانی ڕاپەڕین بەردەوام دەبین لە بەردەوامیی دەستکەوتی ڕاپەڕین، ئەویش هەنگاونانە بەرەو سەربەخۆییی وڵاتەکەمان بە ڕێبەرایەتیی سەرۆک بارزانی".
تاڤان بارزان چالاکوان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ڕاپەڕینی گەلی کورد بەرهەمی شۆڕشی گەلەکەمانە دژ بە داگیرکاری و زوڵم، ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی گەلەکەشمان یەکێکی ترە لە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین، پاراستن و گەشەپێدانی گەلەکەمان ئەرکی سەرشانی هەموو تاکێکی گەلی کورد و حزبە سیاسییەکانە".
تاڤان بارزان گوتیشی: "ئێمە لاوانی کورد هەمیشە قەڵخانی پاراستنی دەستکەوتەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانی گەلی کورد دەبین، داواش لە هەموو لایەنەکان دەکەین یەکڕیزیی ناوماڵی کوردی بپارێزن و هەرگیز ڕێگە بە خۆیان نەدەن کارێک بکەن زیان بە قەوارەی دەستووریی گەلەکەمان بگەیەنن.''
دەوران دڵسۆز لای خۆیەوە گوتی: "ئەو ئازادییەی ئەمڕۆ لاوانی ئێمە تێیداین، بەرهەمی ڕاپەڕینە و مانای ئازادی زۆر گەورەیە و دەبێت ئێمەی لاوان پێشەنگ بین لە گەشەپێدان بە دەستکەوتەکانی ڕاپەڕین و فراوانکردنی مەودای ئازادی و پێشخستنی وڵاتەکەمان، بەداخەوەشین کۆمەڵێک خەڵک و میدیا بەردەوام چەواشەکاری دەکەن و هەوڵێ نەهێشتنی هەستی نەتەوەییی لاوەکانمان دەدەن، بەڵام ئێمەی لاوان هەموو ئەو کردارە دووژمنکارانە ڕەت دەکەینەوە کە دەزانین دەستی دوژمن بە دەستکەوتەکانی گەلەکەمانی لە پشته".
سنوور محەمەد دەڵێ: "ئێمه نەوەی دوای ڕاپەڕینین، کەواتە دەبێت ئەو دەستکەوتانەی بەرهەمی شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و پاشان ڕاپەڕینن ئێمە ببینە قەڵخانی پاراستنیان کە قەوارەی دەستووری و سەرۆکایەتیی هەرێم و حکوومەت و پەرلەمانن، ڕازییش نابین لە هیچ کەس و لایەنێک بەرنامە و کارەکانی بەو ئاڕاستەیە بێت کە مەترسی لەسەر دەستکەوتەکانی گەلی کورد دروست بکات.''
عەزیز ڕەسووڵ




