٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

پێشمه‌رگه‌یه‌ك لەخزمەت ڕێبازی بارزانیدا

سەرچاوە: KDP.info

هه‌ولێر -KDP.info- كتێبێك كه‌ له‌ چوار به‌رگ پێك دێت تایبه‌ت به‌ به‌شێك له‌ مێژووی سه‌د ساڵی كورد و پارتی و بنه‌ماڵه‌ی خه‌باتگێڕی بێرۆخییه‌، به‌رگی یه‌كه‌م و دووهه‌می له‌ چاپ دراوه‌ و به‌رگی سێهه‌می له‌ ته‌واوبووندایه‌، به‌ گوته‌ی نووسه‌ر، ئه‌م كتێبه‌‌ له‌لایه‌ن سه‌رۆك بارزانییه‌وه‌ پێداچوونەوه‌ی بۆ كراوه‌ لەپێناو ئەوەی ئەگەر ناڕاستییەکی تێدا بێت، ڕاستی بکەینەوە، نووسه‌ر و لێكۆڵه‌ر، غازی عادل گه‌ردی، چه‌ند ساڵ هه‌وڵی بۆ داوه‌ و نووسیویەتییه‌وه‌ و به‌رده‌وامه‌ له‌سه‌ری‌، بۆ زیاتر ئاشنابوون به‌م به‌شه‌ له‌ مێژووی كورد و پارتی،  KDP.infoدیمانه‌یه‌كی تایبه‌تی له‌گه‌ڵ نووسه‌ر پێك هێناوه‌‌.

پ: بیرۆکەی ئەم پرۆژەیە کەی دروست بوو؟

و: من هەڵکەوتەی نێو خێزانێک بووم کە ژیانمان وابەستەی دەیان چیرۆک و لاوک بوو، بەو پێیەی دایکم چیرۆکبێژێکی لێهاتوو بوو، مامیشم دەنگبێژێک بوو سەدای ئێستاش لە گوێچکەکانی هەزاران کەسدا دەزرنگێتەوە، منیش لەناو چیرۆک و لاوکانەدا زۆر گوێم لە ناوی حەجی بێرۆخی دەبوو، لە لایەکی تر خۆم قوتابیی بەشی مێژوو بووم، لە گەلێک سەرچاوەدا ناوی حەجی بێرۆخیم دەکەوتە بەرچاو، لەگەڵ خوێندنەوەی پەرتووکەکانی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد زیاتر عاشقی حەجی بێرۆخی بووم، خەونم بەوە دەبینی کە ببم بە پاڵەوانی کۆکەرەوەی ئەو مێژووە پڕشنگدارەی ئەو مرۆڤە و سەدان مرۆڤی تر کە هاوخەبات و هاوڕێباز بوون بە ڕابەرایەتیی نەمر مستەفا بارزانی، له ساڵی ۲۰۰٤ بڕیارم دا کە دەبێت دەست پێ بکەم و دوای ئەوەی لە یەکێک لە دانیشتنەکانی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانیدا ئامادە بووم، بەڕێزیان بە عیشقەوە باسی لە کومەڵێک داستانی شۆڕشی بارزان و ئەیلوول کرد، لە ناویشاندا بە شێوازێک ناوی حەجی بێرۆخی دەهێنا، ئەو دیدارە بوو بە هێزێک کە من دەبێت ئەو مێژووە کۆ بکەمەوە. بەڵام ئەوکات دەرفەت دروست نەبوو، منیش لەگەڵ ئەو خەونە ژیام تاکوو ساڵی ٢٠١٨، لەوێوە بە کردار دەستم پێ کرد، دوای ئەوەی لیوا کامەران دەسکۆ حەجی بێرۆخی، کە ئەو خۆی لە گرنگیی مێژوو دەگەیشت لەم قۆناغەدا، بۆیەش هەموو پشتگیرییەکی نیشان دا.

 

پ: ئامانجی ئێوە لەم توێژینەوەیە چی بووە؟

و: ئامانج لێی کۆکردنەوی مێژووی میللەتێک بوو لەژێر ڕۆشناییی گوتەی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی کە دەفەرموێت: "هەر میللەتێک مێژووی خۆی نەزانێت ناتوانێت ئایندەی خۆی بنیاد بنێت"، لە لایەکی تر ئاشناکردنی جیلێ ئێستا و نەوەی داهاتوو بوو کە بەشی زۆریان کوڕ و نەوەی ئەو مرۆڤانەن کە خاوەنی تۆماری ئەو مێژوویەن، سەردەم گۆڕاوە ئێستا ئەبێت بە شێوازێکی تر ئەوەی هەیە شی بکەینەوە بۆ نەوەکانمان تا بزانن هیچ شتێک لە خۆیەوە نەهاتووەتە دی، کەسانێک شۆڕشیان بۆ کردووە و لەنێو ئەو شۆڕشەدا قوربانییان داوە، بۆیە دەبێت بەرگریی لێ بکەین، بۆ ئەوەی ئاشنا ببن بەوەی ئێستا هەیە، چۆن هاتووەتەدی، بۆچی دەبێت بەرگریی لێ بکەین، هەروەها قوتابییەکانمان هان بدەین لە ناوەندەکانی خوێندن لەجیاتی پەنابردنە بەر مێژووی گەلان و سەرکردەکانی تر بۆ ئامادەکردنی ڕاپۆرت و توێژینه‌وه‌كانیان، سەرچاوە کوردییەکان زیاد بکەین، لە لایەکی تر ئەو مرۆڤانەی بەشێک بوونە لەو مێژووە و هێشتا لە ژیاندا ماون سوودیان لێ بینین وەک سەرچاوە، لە هەموویشی گرنگتر، من پێم وایە ئێمە قەرزای ئەو مرۆڤانەی کە لە ئەنجامی خەبات و قوربانیدانیان ئەو ئازادی و کیان و خاکەیان بۆ دەستەبەر کردووین کە تێیدا بژین وەک کورد بە ناسنامەی خۆمان، چۆن ئەمە قەرەبوو بکەینەوە، لای من وایە باشترین ڕێگا نووسینەوەی سەروەرییەکانە وەک سوپاسکردنێک. دەبێت سوود لە هەندێک فەرهەنگی نێودەوڵەتی وەربگرین لەپێناو باشبووندا، بۆچی گەڵان شانازی بە وڵاتەکەیانەوە دەکەن، چونکە مێژووی خۆیان دەزانن، بەداخەوە نەوەیەک دروست بووە کاتێک مرۆڤێکی بەتەمەن باس لە ڕۆژگارێک دەکات کە بە بڕنەوەکەی ڕووبەڕووی دەبابە و فڕۆکە وەستاوەتە پێی وایە ئەمە ڕاست نییە، بەڵام ئێستا هەموو ئەو مرۆڤانەی لەو پەرتووکەدا وجوودیان هەیە و باس لە وێستگەکانی ژیان و خەباتیان کراوە لە دیوەخانەکانیان ئەم پەرتووکەیان داناوە، ئاسوودەن بەوەی کە ئەو تەمەنەی لەو ڕێگایەدا و لەپێناو کوردستان و بە ڕابەرایەتیی نەمر مستەفا بارزانی سەرفیان کردووە بەهەدەر نەچووە، ئێستا منداڵەکانیشیان بەباشی لەو مێژووە دەگەن، باشتر شانازی بە باوکیان دەکەن. ئەمە جێگەی تەقدیرە بۆ سەرپەرشتیی ئەم بەرهەمە کە هێزێک بووە تا ئێمە بتوانین کۆی بکەینەوە.

 

پ: بەش و پێکهاتەکانی ئەم توێژینەوەیە چین؟

و:  ئەم سه‌رچاوه‌ مێژوویییە لە چوار بەرگ پێک دێت، بە سەرپەرشتیی لیوا کامەران دەسکۆ حەجی بێرۆخی، ئەو دوو بەرگەی کەوتووەتە بەر دەستی خوێنەران لە ساڵی ۱٨۹۷ دەست پێ دەکات تاکوو ساڵی ۱۹٨۹، ئەو ڕۆژەی حەجی بێرۆخی وەفات دەکات، بەرگی یەکەمی سەرەتای دروستبوونی تەکیەی بارزان و شۆڕشی ئافراندنی دروستکردنی تاک بۆ ژیانێکی سادەیی و یەکسانی بەو مانایەی یەک بۆ هەموان و هەموانیش بۆ یەک لە ڕێبازی بارزاندا، دروستکردنی خاکێک کە هەموو بوونەوەرێکی سەر ئەم خاکە ئازادانە بژیت و ئەو ڕەوتە نەتەوەییە لەپێناو بەدەستهێنانی مافەکانی گەلی کورد و ئاماژەکردنە سەر پشتگیرییەکانی بارزان وەک ڕەوتێکی نەتەوەیی بۆ هەموو ئەو جوولانەوە و شۆڕشە کوردیانەی لە هەر شوێنێک سەری هەڵدابێت، دواتر شۆڕشە یەک لە دوایی یەکانی بارزان و کۆماری کوردستان و ڕێڕەوی یەکێتیی سۆڤیەت و شۆڕشی ئەیلوول، جا لە کۆی هەموو ئەمانە بەوردی باس لە ڕۆڵ و خەباتی تەواوی گەردییەکان و هەموو ئەو مرۆڤانەی لە نزیک حەجی بێرۆخی بوونە لە هەر قەومێک بن لە ناویشیاندا حەجی بێرۆخی کراوە، بەو مانایەی گەردییەکان نەک تەنها بەشێک بوونە لە بزاڤی ڕزگاریخوازی کورد، بەڵکوو پارێزەر و یارمه‌تیده‌ری زۆر باشی بارزان بوون لە چەندین وێستگەی خەباتدا، کە هەمیشە ناوچەی گەردییەکان له‌ ناویشیاندا بنەماڵەی حەجی بێرۆخی وەک پێشەوای گەردییەکان خاڵی پارێزگاری بوون لە هەموو مەترسییەک بۆ سەر بارزان کە لەو پێناوەشدا سەدان قوربانییان بەخشیوە، لەگەڵ ئەوەشدا دەتوانم بڵیم ئینسکلۆپیدیای سەدان مرۆڤە کە جیهەتە پەیوەستەکان دەتوانن سوودی لێ وەرگرن، بەرگی دووەمی لە ساڵی ۱۹۷٥ تاکو ساڵڕۆژی وەفاتی حەجی بێرۆخی باس دەکات، بەو پێیەی حەجی بێرۆخی قیادەی شۆڕش وەک برا گەورەیەک لێیان ڕوانیوە، بە دوو هۆکار، یەکەمیان حەجی بێرۆخی ئەو قایدە بووە کە نەمر مستەفا بارزانی وەک سەرقافڵەی سەرقۆڵەکانی شۆڕش تەماشای کردووە، لە لایەکی تریش گەورەی ناوچەی گەردییەکان بووە کە ئەوکات ناوچەی گەردییەکان شوێنی هەڵسانەوەی شۆڕش بووە لەژێر ناوی قیادەی موەقەت و دواتر شۆڕشی گولان، لەگەڵ ئەوەشدا ماڵەکەی لە ئۆردوگای زێوە بارەگای شۆڕشی گوڵان بووە، تەنانەت بەشێکیش بووە لە هۆڵی کۆنگرەی نۆی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ساڵی ۱۹۷۹، چونکە نەمر مستەفا بارزانی لە کاتی نەخۆشکەوتنیدا ئامۆژگاریی هەریەکە لە ڕەحمەتی ئیدریس بارزانی و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکات کە حەجی بێرۆخی، برا گەورەی ئێوەیه، ئەمەش پەیامێکی مەزنە لەپێناو ئەو خەباتە مەزنەی ئەو مرۆڤە لە تەمەنیدا ئەنجامی داوە، لە لایەکی تریش، حەجی بێرۆخی نەک تەنها قایدێکی سەربازی بووە لە دیدگای جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و ڕەحمەتی ئیدریس بارزانی، بەڵکوو وەک ئەندامێکی بنەماڵەکەیان سەیریان کردووە و ڕێزیان لێ گرتووە، هەر بۆیەش هەمیشە ماڵەکەی شوێنی کۆبوونەوەی قیادەی پارتی بوو دوای نسکۆی ساڵی ١٩٧٥.

 

پ: ئەم توێژینەوەیە بەڵگەنامەی مێژوویی زۆری پێویست بووە و بە قووڵاییی مێژووی ڕووداوەکاندا چووەتە خوارەوە و سەرچاوەکانی چۆن پەیدا بوون ؟ تەنها لە ناوخۆی کوردستان بۆیان گەڕاون، یان شوێنی تریش؟

و:  بێگومان مێژوو ئەمانەتێکە لە ئەستۆی نووسەرە، لەپێناو دۆزینەوەی ڕاستیی ڕووداوەکان و دیارکردنی ڕۆڵی ئەو کەسانەی هۆکاری دروستکردنی ئەوە مێژووە بوون، دەبێت نووسەر پێش دەستپێکردنی تۆمار پارزینگەکەی تەژی بکات لە سەرچاوە، ئێمە بۆ ئەم مەبەستە زیاتر لە یەک ساڵ کاتمان تەرخان کرد بۆ گەڕان بە دوای سەرچاوە نووسینەیەکاندا، کۆمەڵێک سەرچاوەی کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی و تورکی و فارسیمان سوود لێ وەرگرتووە، لە سەرووی هەمووشیانەوە پەرتووکەکانی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە نووسینی ڕێزدار جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، بێرۆخ و بێرۆخیەکان، پاشان گەردییەکان بەگشتی لە سەرەتای دروستبوونی تەکیەی بارزانەوە لە سەردەمی شێخ محەمەدی بارزانی بوونەتە بەشێک لەو تەکیەیە، ئەمەش بێگومان باجی قورسی بەدوادا هاتووە، بەڵام باجێک لەپێناو بارزاندا ئەمانە بە خەڵات قبووڵیان بووە، بۆیە ناچار گەڕاوینەتەوە بۆ هەندێک سەرچاوەی سەردەمی عوسمانییەکان، لە سەردەمی لەسێدارەدانی شێخ عەبدولسەلام بارزانی ژمارەیەک لە پیاوانی بێرۆخ لە خوێنی حەجی بێرۆخی لەو کاتەدا ئەنفال کراون، ئەمە خۆی مێژوویەکە کە دیار دەخات لە کەیەوە دەستیان پێ کردووە، لە ساڵی ١٩١٦ بەگیان پارێزگارییان لە پاراستنی بارزان کردووە، لە ساڵی ١٩٣٢ دەیان شەهیدیان داوە و ناچار گەڕاوین بەنێو سەرچاوەکانی سەردەمی ئینگلیزدا، لە شۆڕشی یەکەم و دووەمی بارزان حەجی بیرۆخی سەرباری برینداربوونی بە سەختی ماوەی چوار سالیش کەوتۆوەتە زیندان، بۆیە گەڕاوین بە دوای سەرچاوە میرییەکانی ئەوکاتدا لە دوای ساڵی ١٩٤٥، ئەوە بەدەر لەو هەموو ئەو سەرچاوانەی باس لە شۆڕشی ئەیلوول دەکەن، کەم سەرچاوەی عەرەبی دەبینی کە لەسەر شۆڕشی ئەیلوول نووسرابن، ناوی حەجی بێرۆخی نەهاتبێت، تەنانەت قایدەکانی ڕژێمی بەعس لە کاتی شۆڕشی ئەیلوولدا لە یادەوەرییەکانیادا ناوی حەجی بێرۆخییان هێناوە کە چۆن ئاستەنگێک بووە لەسەر ڕێگایان کە نەیهێشتوون سەر بکەون، یان باجی قورسیان داوە تا سەر کەوتوون، وەک فەرەنسۆ هەریری دەڵیت: "شۆڕشی ئەیلوول لە زاخۆ تا خانەقین و بگرە ڕۆژهەڵات و باکووری کوردستان و ڕۆژئاواش شۆڕشێکی نەتەوەیی بوو بە بەڕابەرایەتیی جەنابی مەلا مستەفا بارزانی، حەجی بێرۆخی تیایدا ناوێکی ئاشنا بوو لەنێو کورد و لەنێو دوژمنیشدا"، لە لایەکی تریشەوە، جەنابی ڕیزدار سەرۆک مەسعود بارزانی چ وەک بەشدارییەکی کارای مەیدانیی ئەو مێژووە و وەک شاهیدحالێکی زیندووش تەواوی ژیانی لە نزیک حەجی بێرۆخییەوە بووە، بۆیەش جەنابیان خۆی پێداچوونەوەی تەواوی بۆ ئەم پەرتووکە کردووە لەپێناو ئەوەی ئەگەر ناڕاستییەکی تێدا بێت، ڕاستی بکەینەوە، بەڵام سوپاس بۆ خوا شەرەفمەندم کە یەکێکم لەو نووسەرانەی جەنابی سەرۆک پێداچوونەوەی بۆ پەرتووکەکەی کردووە پێش بە چاپگەیاندن، بەشێکی تری سەرچاوەکانی ئەم پەرتووکە خودی ئەو مرۆڤانەن کە خۆیان بەشداریی هەموو ئەو مێژووەیان کردووە کە ئێمە نووسیومانەوەتەوە، لە کوردستان و لە تورکیا و تەنانەت چەندین وڵاتی ئەورووپاش چووین بۆ ئەنجامی دیدار لەگەڵیان، هەندێک لەو کەسانە ئەو ڕۆژنامەنووسە بیانیانە بوون کە لە ساڵی شەستەکان هاتوون بۆ ناو شۆڕشی ئەیلوول و چاوپێکەوتن و ڕاپۆرتیان ئەنجام داوە. لە نزیکیشەوە حەجی بێرۆخییان بینووە، یان گوێیان لە ناوی ئەو بووە و وێنەیان گرتووە، زیاتر لە سێ سال کارمان کرد تا بە ئەنجاممان گەیاند، لێرەوە زۆر سوپاسی ڕێزدار لیوا کامەران دەسکۆ حەجی بێرۆخی دەکەم چونکە فریادڕەسی من و پارێزەری لەنێونەچوونی ئەو مێژووە پڕشنگدار و دەوڵەمەندە بوو.

 

پ: دوو بەرگتان لێ چاپ کردووە و بەنیازی بەرگی سێهەمن، كه‌ی ته‌واو ده‌بێ؟

و: پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازی پیرۆزی بارزانیدا.. حەجی بێرۆخی پرۆژەیەکی چوار بەرگییە، دوو بەرگی دوو چاپی بۆ کراوە کە لە ئێستا وەک سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراو کاری پێ دەکرێت و لە تەواوی پەرتووکخانەکانی کوردیدا بەردەستە و پێشوازییەکی زۆریشی لێ کرا، ئێستا بەڵێ سەرقاڵی بەرگی سێیەمی پێشمەرگەیەک لە خزمەت ڕێبازی بارزانیدا... دەسکۆ حەجی بێرۆخی، لە نێوان ساڵەکانی ١٩٥١ تاکوو ٢٠٠٣، ئامانج لێی وەک پێشتر گوتم کۆکردنەوەی مێژووی گەڵێکە، چونکە ئەگەر مێژووی خۆمان نەنووسینەوە، خەڵکانێک لە بەرژەوەندیی خۆیان دەینووسنەوە، بۆ ئەوەی بەرچاوڕوونییەک بدەینە نەوەکانی ئێستامان و شانازی بە باب و باپیرانیان بکەن، و خۆشیان هەمان قوتابیی قوتابخانەی بارزانیی نەمر بن لەسەر هەمان ڕێباز، کە ڕێبازی هەبوون و بەردەوامیی مانەوەیە، ئەو ڕێگایە کە دەمانگەیەنێت بە خەونی مێژینەمان، ئەویش بەدەوڵەتبوونە.

لە هەموو قۆناغەکانی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد بە ڕابەرایەتیی بارزانیدا، حەجی بێرۆخی و ماڵباتەکەی سه‌رپه‌رشتیی لەشکرێکیان کردووە لەناو ئەو بزوتنەوەیەدا، لە هەر قۆناغێکیش کەسانێک زیاد بوونە، لێرەدا شتێک هەیە لە ناخی ئەو ماڵباتەدا کە دەمەوێت بە ڕاشکاوی بڵێم ئەمانە هیچ سەرکەوتنێک و هیچ ناوبانگ و پێگەیەکیان لەنێو بزاڤی ڕزگاریخوازی کورددا بەتەنیا بە موڵكی خۆیان نازانن، بۆیەش یەکێک لە داواکارییەکانی ئەوان کاتێک من داوای مۆڵەتوەرگرتنم لێیان کرد کە ئەم مێژووە بنووسمەوە، ئەوە بوو کە دەبێت ناو و خەبات و وێنەی هەموو ئەو کەسانەی لەپاڵ بنەماڵەکەیان ڕۆڵیان هەبووە ئاماژەی پێ بکرێت، بۆیەش بەرگی سێیەم و تەنانەت بەرگی چوارەمیش زەروورەتێکە، چونکە ئێستاش شۆڕش هەر بەردەوامە بە ڕابەرایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، بنەماڵەی حەجی بێرۆخیش سەرقافلەی ئەو لەشکرەن کە لەو شۆڕشەدا هێشتا لە خەباتدان.

گەیشتوونە کوێ لە بەرگی سێهەم؟

ئەتوانم بڵێم لە ٩٠٪ کارەکانی تەواو بووە، ئێستا سەرقاڵی دارشتنی ئەو چاوپێکەوتنانەین کە ئەنجاممان داون بۆ تۆماری ئەو مێژووە.

لە چەند بەش و باس پێکهاتوە و بەشەکانی چین؟

بەرگی سێیەمی ئەم پەرتووکە خۆی لە پێنج قۆناغدا دەبینێتەوە کە دابەش بووە بەسەر دوانزدە بەشدا، هەر بەشێک چەند وێستگەیەکی لە خۆی گرتووە، قۆناغەکان بریتین لە قۆناغی منداڵی و شۆڕشی ئەیلوول و گوڵان و ڕاپەرین و ئازادیی عێراق، لە هەموو قۆناغەدا بەوردی ئاماژەمان کردووە بەو ڕووداوانەی ڕوویان داوە، ڕۆڵ و خەباتی دەسکۆ حەجی بێرۆخی لە ده‌م خۆی و کۆمەڵێک لەو پێشمەرگانەی لەگەڵیدا هاوسەنگەر و هاوڕێ بوون بە شێوازی یادەوەری تۆمارمان کردوون، بۆ ئەمەشیان دیسان پشتمان بەستووە بە کۆمەڵێک سەرچاوەی نووسراو لە ناویشیاندا بەرگی چوارەمی بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد لە نووسینی ڕێزدار جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، بەدەر لە خەباتی دەسکۆ حەجی بێرۆخی لە شۆڕشی ئەیلوولدا کە نەک تەنها پێشمەرگەیەک بووە لە خزمەت ڕێبازی بارزانیدا، بەڵکوو نەمر مستەفا بارزانی لە نزیکەوە بۆ چەندین جار بینیویەتی و لەبەر لێهاتوویی خەڵاتی کردووە، لە شۆڕشی گوڵاندا لە کۆمەلێک وێستگەدا زۆر نزیک بووە لە ڕەحمەتی ئیدریس بارزانی و جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی وەک برایەک هەڵسوکەوتی لەگەڵ کردووە، بەتایبەتی داستانی مێرگەسۆر و داستانی خواکورک دوو داستانن کە جەنابی سەرۆک لە نزیکەوە ئاگاداری قارەمانیەتیی ئەو بووە، لەگەڵ ئەوەشدا دەسکۆ حەجی بێرۆخی لە شۆڕشی گوڵاندا بەو پێگە کۆمەڵایەتیەی کە هەیبوو لە ناوچەی گەردییەکان کە ئەمە واقعێکی شۆڕشە لەو ناوچەیە دەسکۆ پشتگیرییەکی زۆری دەکرد کە هەموو گەردییەکان بە وڵاغەکانیان ڕۆژانە لە نێوان ئێران بۆ ناوچەی بادینان کاروانیان دەکرد بۆ شۆڕش، قوەتی بارزان لە گەلیی ڕەش و تا گوندی دەرگیرە و شانەشا، گەلیی چەما پڕ بوو لە بارەگای شۆڕش، گوندی زێت بارەگای فەرمیی قیادە بوو، مەکتەب سیاسی لە لۆلان بوو، هەموو ئەمانەش یان لەنێو خاکی گەردییەکاندا بوون، یان نزیک بوون لە سنووری گەردییەکان. ئەو خەڵکە بە گیان هاکاریی شۆڕشیان دەکرد، تۆمارکردنی ئەو مێژووە گرنگە، لەپێناو وننەبوونی ڕۆڵی ئەو خەڵکە، لە لایەکی تریش قۆناغی ڕاپەرین وەرچەرخانێکی مێژوویی گەڵی کورد بوو کە ئەمڕۆی لێ بەرهەم هات، هەموو نووسینێک وانەیەکی بەرهەمدارە بۆ نەوەی ئێستا کە دەبێت بزانن بۆچی شانازییەکی مەزنە قوتابیی قوتابخانەی بارزانیی نەمر بین، ئەندامێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بین لەبەر ئەوەی خاوەنداریەتی ئەوەی ئێستا هەیە بەرهەمی خەبات و تێکۆشانی حزبەکەیانە لە سەد ساڵی ڕابردوودا.

لە کۆتاییدا وەک هەمیشە کە چۆن ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرچاوەی سەرەکیی هەواڵ و زانیارییەکانی ئێمە بووە، بۆ گەڕان بە دوای هەموو بابەتێکی باوەرپێکراویشدا هەر لێرەوە سەیر دەکەین، ئەمە مایەی دلخۆشییە کە دەبینین هەوڵ و ماندووبونی ئەو کەسانەی کارێک ئەنجام دەدەن لەبەرچاو دەگیرێت، چونکە پارتی دیموکراتی کوردستان ماڵی هەموو کوردێکە کە هەڵگری پەیامی کوردستانێکی سەربەخۆیە بە ڕابەرایەتیی جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی، بۆ ئێمەش ئەمە ئەرکێکە ئەنجاممان داوە کە پێویست دەکات زیاتر کاری لەسەر بکەین لە چواچێوەی گەنجینەی وڵاتدا کە لیوا کامەران بەدەر لە ئەرکە فەرمییەکەی وەک پێشمەرگەیەک، لە خزمەت پاراستنی کوردستان لە بەرگی فەرماندەیەکەیدا ئامادەی هەموو قوربانیێکە لەپێناو کۆکردنەوەی مێژووی گەلی کورد بە ڕابەرایەتیی نەمر مستەفا بارزانی.

 

دیمانه‌: سه‌لاح جه‌لال

هەواڵی پەیوەندیدار