بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی شەشەمین ئیڤێنتی تێدێکس نیشتمان لە هەولێر دەستی پێ کرد

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ شەممە، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان شەشەمین ئیڤێنتی تێدێکس نیشتمان لە هەولێر دەستی پێ کرد.
لە دەستپێکی ئیڤێنتەکەدا بە بۆنەی ساڵیادی لەدایکبوونی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانەوە ئامادەکارانی ئیڤێنتەکە کێکێکیان وەکوو سورپرایز ئامادە کردبوو، داوایان لە سەرۆکی حکوومەت کرد بۆ ئەوەی کێکەکە ببڕێت و مەسروور بارزانی بەو بۆنەیەوە وتەیەکی پێشکەش کرد کە ئەمە دەقەکەیەتی:
زۆر زۆر سوپاس، بەڕاستی سورپرایزێكی چاوەڕواننەكراوبوو بۆ من، دەست خۆش و سوپاستان دەكەم، هیوادارم هەمیشە هەر دڵخۆش و سەركەوتوو بن و هەمووتان تەمەندرێژ بن و بە هەموو ئاواتەكانتان بگەن.
ئەم جارەش بەشداریم كرد لە تێدێكس، لەگەڵ كۆمەڵێك گەنج، كە هەندێك لەو كارانەی كردوویانە پێشكەشیان كردووە، خەڵكێكی یەكجار زیاتریش لەم هۆڵەیە و بیستم لە هۆڵەكانی تریش بەشداریی ئەم ئیڤێنتەن، ئەمە ئەو خاڵە نیشان دەدات كە ڕۆحیەتی داهێنان و دروستكردن لای گەنجەكانی ئێمە چەندەیە، كە ئەمە ئاواتێكی چەند ساڵەی ئێمە بووە.
من هەمیشە ویستوومە گەنجەكانی ئێمە خۆیان پشت بە خۆیان و تواناكانی خۆیان ببەستن، هەلی كار بۆ خۆیان و خەڵكی تر دروست بكەن. ئەوەی ئێمەش پێمان بكرێ وەكوو حكوومەت هاوكار و پاڵپشتیان بین.
من دیسان دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هیوادارم ساڵ بە ساڵ ئێوە سەركەوتووتر بن و ئیڤێنتی باشتر بكەن و بە هەموو ئاواتەكانتان بگەن.
جارێكی تر زۆر زۆر دەستخۆشیتان لێ دەكەم، هەرچەندە بە بیرتان هێنامەوە كە ساڵێكی تریش هاتووەتە سەر تەمەنمان و گەورەتر بووین، بەڵام هیوادارم هەمووتان تەمەندرێژ بن و زۆر زۆر سوپاستان دەكەم.




