عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ: بارزانیی نەمر ھۆکاری پەیداکردنی عەدالەت بووە لەنێو کورددا
__2023_03_02_h15m45s18__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان باس لە ڕۆڵی بارزانیی نەمر لەنێو شۆڕشدا دەکات و دەڵێ، پێش ھاتنی بارزانی، عەدالەت نەبوو لەنێو میللەتی کورددا، بەڵام کاتێک بارزانی ھات عەدالەتی پەیدا کرد و جیاوازیی نێوان ھیچ کەسێکی نەدەکرد.
عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ، بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "بارزانیی نەمر بە درێژاییی تەمەنی توانیویەتی زۆر بۆ کورد و کوردستان بکات، بەتایبەتی لە بابەتی پێکەوەژیان و توانیی لە شۆڕشی ئەیلوولی مەزندا پردێک دروست بکات لە زاخۆوە تا خانەقین جیاوازی لە نێوان ھیچ پارچەیەک نەبێت و تەنیا دەیویست پێکەوە خزمەتی گەلەکەمان بکرێت، باشترین عەدالەت لەنێو کۆمەڵگەی کوردستان لەسەر دەستی بارزانیی نەمر دروست بووە، پێش بارزانی ئەو عەدالەتە نەبووە، لەبیرم دێت گەڵالە پایتەختی کوردستان بوو لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلوول، خەڵکی زۆربەی ناوچەکان لە گەڵالە بازرگانییان دەکرد و یەک ڕۆژ نەمدیت کەسێک غەدر لە کەس بکات، ئەوە ھەمووی لە سایەی عەدالەتی بارزانی بوو.''
بەرپرسی دەزگای باڵای ئەیلوول و گوڵان گوتیشی: "لە ھەموو تەمەنی شۆڕشی ئەیلوول یەک حاڵەتی دزی لە گەڵالە تۆمار کرا، ئەویش پاسەوانێکی بازاڕەکە بوو، بەڵام دواتر گەیشت بە سزای خۆی و ناوچەکەی بەجێ ھێشت، بەر لەوەی بارزانی دەست بە شۆڕش بکات میللەتی کورد میللەتێکی مەزڵووم بوو، بەتایبەتی کاتێک بارزانیی نەمر لە یەکێتیی سۆڤیەتی پێشوو بوو ھیچ کەسێک نەبوو شۆڕش بەرپا بکات و بیر لە ڕەوشی کورد بکاتەوە، لەبەر ئەوە شۆڕشی ئەیلوول دەستی پێ کرد و بووە شۆڕشێکی سەرتاسەری.''
عەبدولڕەحمان مەلا ڕەسووڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "یەکێک لە سیفاتە جوانەکانی بارزانیی باوک ئەوە بوو وەک یەک تەماشای ھەموو کەسێکی دەکرد، واتە بارزانیی نەمر قەت جیاوازیی لە نێوان پێشمەرگەیەک و بەرپرسێک نەدەکرد، پێشمەرگەیەک کارێکی باشی بکردایە، جیاوازیی نەبوو لەگەڵ سەرلقێک، یان فەرماندەی ھێزێک دەستخۆشیی لێ دەکرد و ھانی دەدا، بەپێچەوانەوە ھەر کەسێک ھەڵەیەکی بکردایە بارزانی جیاوازیی نەدەکرد ئەمە کوڕی کێیە و چ پلە و پۆستی ھەیە.''
قائید میرۆ




