خەدیجە عومەر: دەمانەوێت لەو مانگەدا یاسای ھەڵبژاردن تێپەڕێنین
__2023_03_02_h15m46s3__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- پەرلەمانتارێکی فراکسیۆنی پارتی ئاشکرای کرد، چەندین پڕۆژەیاسا ئامادەن بۆ وەرزی نوێی یاسادانان، بەڵام دەمانەوێت یاسای ھەڵبژاردنەکان لە مانگی ئاداردا تێپەڕینین بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و لێک تێگەیشتنی باشیش ھەیە.
خەدیجە عومەر، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان پەیوەستە بە وەرزی نوێی یاسادانان و پێش ھەموو وەرزێکی یاسادانان فراکسیۆنی پارتی کۆ دەبێتەوە، ئێمە ئامادەکاریمان کردووە بۆ وەرزی نوێی یاسادانان کە دوێنێ دەستی پێ کردووە.''
پەرلەمانتارەکەی پارتی گوتیشی: "چەندین پڕۆژەیاسا ئامادە کراون بۆ وەرزی نوێی پەرلەمان بۆ ئەوەی لەو خولەی پەرلەماندا پەسەند بکرێن، بەڵام ھەموو ھەوڵێک دەدەین ئەولەویەت بۆ پڕۆژەیاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بێت و لە مانگی ئادار، یان نیسان لە پەرلەمان دەنگی لەسەر بدرێت و تێی پەڕینین.''
خەدیجە عومەر ڕوونیشی کردەوە: "لێک تێگەیشتنی باش ھەیە لە نێوان پارتی و یەکێتی بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن و کۆبوونەوەی ڕابردوو ھەنگاوێکی زۆری پرسی ھەڵبژاردنی بردە پێشەوە، چونکە دەمانەوێت ئەمساڵ ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت و ئەوان بگەنە ڕێککەوتن و پەرلەمان ئامادەیە بۆ ئەوەی بە یاسا تێی پەڕێنێت.''
قائید میرۆ




