سەندیکای کرێکاران: پەسەندکردنی یاسای کار ھەنگاو و دەستکەوتێکی گرنگە
_(2)__2023_03_02_h15m44s32__ER.jpg)
ھەولێر -KDP.info- گوتەبێژی سەندیکای کرێکاران دەڵێت، پەسەندکردنی یاسای کار ھەنگاوێکی گرنگ و دەستکەوتێکی گرنگە، چونکە ئەو یاسایە جگە لە کرێکار و خاوەنکار پەیوەندیی بە ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکەوە ھەیە.
گوتەبێژی سەندیکای کرێکاران، حەسەن ڕەمەزان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "پەسەندکردنی پڕۆژەیاسای کار لە پەرلەمانی کوردستان ھەنگاوێکی زۆر باشە، چونکە یاسای دیکە کۆن بوو، ژمارە ٧١ی ساڵی ١٩٨٧ بوو، ئەو یاسایەی کرێکارانی ئێستا ڕەنگە بەشێکی زۆری ئەوکات لەدایک نەبوون، بۆیە دەرکردنی یاسایەکی تازەی کار داواکاریی ئێمە بوو، بۆیە ئەو یاسایە دڵخۆشکەرە و پیرۆزبایی لە کرێکاران دەکەین و ھەنگاوێکی زۆر گەورەیە، ئێمە وەکوو ھەرێمی کوردستان قەوارەیەکی سەربەخۆین لە ڕووی یاسایییەوە، بۆیە یاسای کار بە یاسای دایک ھەژمار دەکرێت لەنێو یاساکاندا، لەبەر ئەوەی جگە لە کرێکار و خاوەنکار، پەیوەندیی بە ژیان و گوزەرانی زۆرینەی خەڵکەوە ھەیە".
حەسەن ڕەمەزان گوتیشی: "ئەو یاسایە لە بەرژەوەندیی کرێکاراندایە و دەستکەوتێکی گەورەیە، بۆیە ئەو یاسایە جێبەجێکردنیشی گرنگە لەلایەن وەزارەتی کار و لایەنە پەیوەندیدارەکان، ئێمەش چاودێریی دەکەین بۆ ئەوەی بڕگە و ماددەکانی ناو یاساکە جێبەجێ بکرێن".
دوێنێ پەرلەمانی کوردستان بە کۆی دەنگی پەرلەمانتاران پڕۆژەیاسای کاری پەسەند کرد و بڕیارە دوای ئەوەی لە ڕۆژنامەی وەقائیعی کوردستاندا بڵاو دەکرێتەوە، بکەوێتە واری جێبەجێکردنەوە".
بڵند ئیبراھیم




