٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئارام شەعبان: دابه‌زاندنه‌وه‌ی دۆلار بە ١٣٠٠ دینار کاریگەری ئەرێنی لەسەر ژیانی خەڵک دەبێت

سەرچاوە: KDP.info

ھەولێر-KDP.info- پسپۆرێکی دارایی و بانک لەسەر پرسی دابه‌زاندنه‌وه‌ی دۆلارێك بۆ ١٣٠٠ دینار رایدەگەیەنێت کە، ئەمە لە رووی سایکۆلۆژییەوە کاریگەری ئەرێنی لای ھاووڵاتیان دروست دەکات کە بەھای دینار بەرامبەر دۆلار چەسپێنراوەو کاریگەری دەبێ لە رەھەندی بازرگانی و سێکتەرەکانی وەبەرھێنان کە پێویستە حکوومەت خۆی ئەژماری بانکی بۆ وەبەرھێنەران بەتایبەتی لە پرۆژەکانی نیشتەجێبوون بۆ دانەوەی قیستی مانگانەی ھاووڵاتیان بکاتەوە.

ئارام شەعبان مامۆستای کۆلێژی ئابووری و کارگێڕی زانکۆی سەلاحەدین، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند: "بێگومان ھەر بریارێک دەدرێ لە سۆنگەی بەرژەوەندی ھاووڵاتیانەوە دەبێت، بەڵام لەم پرسە ھەستیارانەدا پێویستە کاریگەرییە دوور مەوداکانیشی لەبەرچاو بگرین، ھەروەھا بەرزکردنەوەی بەھای دینار بۆ ھاووڵاتیانی عێراقی ھەواڵێکی خۆشە و دەبێتە ھۆی بەرزکردنەوەی توانای کڕینی تاکی عێراقی، بەتایبەتی دەبێت لە بیرمان بێت عێراق بە کوردستانەوە ٨ ملیۆن فەرمانبەری ھەیە کە مووچەی ھەمووان بە دینارە، بۆیە دەبێ لەم بڕگەیەدا وریای کاریگەریی دوورمەودای نەرێنی ئەم بڕیارەبین لەو سۆنگەیەوە کە بەرزکردنەوە و نزم کردنەوەی بەھای دیناری عێراقی نابێ لە عاتفی و لەژێر کاریگەریی لایەنە سیاسەکان بێت لە عێراق، بەڵکو ھەر دەستکاری کردنێکی ئەو بەھایە پێویستە بنەمای زانستی ھەبێ لە رووی ئابووری و بانکییەوە، بەتایبەتی بە چالاککردنی سیستەمێکی بانکی پێشکەوتوو و دروستکردنی سیستەمێکی ئەلیکترۆنی بانکی بۆ ئەوەی ھەم سیولەی نەختینەیی و ھەم سیولەی ئەلیکترۆنی پێویست لەبەر دەست بێت بۆ ئەوەی بانکی ناوەندی عێراقی بتوانێ بڕی دراوی پێویست ھەم بە دینار و ھەم بە دۆلار بخاتە بازاڕ یان کەمی بکاتەوە".

ئارام شەعبان ھەروەھا گوتی: "ئەو بڕیارەی کە دوێنێ حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دای و ئەمرۆ چووە بواری جێبەجێکردنەوە بۆ ھەژمارکردنی ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ١٣٠ ھەزار دینار، ئەمە کاریگەریی زۆر گەورە لەسەر داموودەزگا خەدەمییەکانی حکوومەتی ھەرێمدا دروست ناکات، بۆ نموونە لە بەرێوەبەرایەتییەکانی ئاو و کارەبا و باج رسوماتەکان ھەر بە دینار حساب دەکران، بەڵام ئەم بڕیارە لە لایەنی سایکۆلۆژییەوە قەناعەتێک بۆ تاکەکان دروست دەکات کە وردە وردە متمانە بۆ تاکی عێراقی و کوردستانی دروست دەکات کە بەھای دۆلار بەرامبەر دینار ١٣٠ ھەزار دینارە، بەڵام گەر لە رووی بازرگانییەوە سەیری بکەین کاریگەریی ئەرێنی دروست دەکات، بە مەرجێک چاودێری لیژنە ئابوورییەکان چڕتر بکرێنەوە لە بازاڕ بۆ ھاندانی دابەزاندنی نرخی کاڵا و پێداویستییەکان، چونکە ئێستا بازرگانەکان دۆلاریان بە ١٣٠ ھەزار دەست دەکەوێت، حکوومەتیش پرۆسەی وەرگرتنی گومرکی لە خاڵە سنوورییەکان لە شکاندنەوەی ھەر دۆلارێکدا بە ١٣٠٠ دینار حساب دەکات، ئەمە وا دەکات تێچووی ھاوردەکردنی کاڵا کەم بکاتەوە و رەنگدانەوەی ئەرێنی دەبێت و لە ماوەکانی داھاتوودا لە دابەزینی نرخی کاڵاکاندا و بە باشی ھەستی پێ دەکرێت".

ناوبراو لە رووی سێکتەری وەبەرھێنانەوە گوتی: "ئەم بابەتە لە رووی سێکتەری وەبەرھێنانەوە بەتایبەتی لە یەکەکانی نیشتەجێبوون دا کە لە کوردستان گرنگی زۆری پێ دەدرێت، ئەگەر پڕۆژەکانی وەبەرھێنان لە کەرتی خانووبەرە ناچار بکرێن ئەژماری بانکیی بکەنەوە بۆ دانانی قیستەکان لە بانک، ئەمە کاریگەری دروست دەکات لەسەر کڕیارەکانی یەکەکانی نیشتەجێبوون، چونکە ئێستا قیستەکان بە دۆلار و بە نرخی ڕۆژە کە ئەمە سترێسی دروست کردبوو لای ھاووڵاتیانی کڕیار کە کارمەندێکی حکوومەتە ھاتووە یەکەیەکی نیشتەجێبوونی کڕیوە و مووچەکەی بە دینارە،‌ بەڵام قیستەکەی بە دۆلارە و ناچارە پەنا بۆ بازاڕ ببا بۆ کڕینی دۆلار بە نرخی ڕۆژ کە زۆرجار دەگاتە سەرو ١٥٠ ھەزار بۆ ١٠٠ دۆلار، بەڵام کە حکوومەت لە بانکەوە قیستی ئەو یەکانەی بە دینار وەرگرت و بە دۆلار قیستەکەی دایەوە بە پرۆژەکان ئەمە رەنگدانەوەیەکی راستەوخۆی ئەرێنی لەسەر کامەندانی حکوومەت و مووچەخۆران دروست دەکات".

 

سەلاح جەلال

 

هەواڵی پەیوەندیدار