شەممە پارتی و یەکێتی لەبارەی دوو پرس کۆدەبنەوە

ھەولێر-KDP.info- بەرپرسی یاسایی لە بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، دوو پرس ماوە بۆ ئەنجامدانی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان یەکلایی بکرێنەوە ئەوانیش پرسی کۆتاکان و کۆمسیۆنه و بڕیارە ڕۆژی شەممە جارێکی دیکە یەکێتی و پارتی کۆببنەوە و رێککەوتن لەسەر ھەردوو پرس بکەن.
ھاوار محەمەد، بەرپرسی یاسایی لە بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "بڕیارە ڕۆژی شەممە جارێکی دیکە بەشی ھەڵبژاردنی پارتی دیموکراتی کوردستان و دەزگای ھەڵبژاردنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە مەکتەبی سیاسی یەکێتی کۆبوونەوەی دووەم لە بارەی ھەڵبژاردنەکان ئەنجامبدەن، کە ئەو پرسانەی ماون یەکلایی بکرێنەوە".
ھاوار محەمەد گوتیشی: "لەو پرسانەی ماوە یەکلایی بکرێنەوە کۆتای پێکھاتەکان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسییە، چونکە پارتی لەگەڵ ئەوەدایە پێکھاتەکان خۆیان بڕیاربدەن و یەکێتیش داوای چوار بازنە بۆ پێکھاتەکان دەکات، بەڵام ئەوە بۆ ئەوان گونجاو نیە، بۆیە بەھۆی کەمی کاتەوە ھەوڵ دەدەن ڕۆژی شەممە بگەنە رێککەوتن".
محەمەد باسی لەوەشکرد: ڕۆژی شەممە ھەردوو پرسی کۆتاکان و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردن و ڕاپرسی یەکلایی دەکرێنەوە و رێککەوتنی لەسەر دەکرێت".
بڵند ئیبراھیم




