لە فەرەنسا بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەدۆزرێتەوە
__2023_03_01_h16m23s27__ER.jpg)
فەرەنسا -KDP.info- بەرپرسی ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا گوتی، لە چوارچێوەی پلانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هەناردەکردنی بەرهەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە لە وڵاتی فەرەنساش هەوڵ دەدەن بازاڕ بۆ بەرهەمی ناوخۆی هەرێمی کوردستان بدۆزنەوە .
هەژار ئەرگووشی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە فەرەنسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''لە پاریس، پایتەختی فەرەنسا ساڵانە پێشانگایەکی گەورە دەکرێتەوە کە بەملیۆنان خەڵک سەردانی دەکەن و پلانمان ئەوەیە ستاندێک وەرگرین بۆ بەرهەمە ناوخۆیییەکانی کوردستان کە هەناردەی دەرەوە دەکرێن، بۆ ئەوەی بزانین کاردانەوەی خەڵک چۆن دەبێت.''
هەژار ئەرگووشی گوتیشی: ''ئەو پێشانگایە یەکێک لە پێشانگا هەرە بەناوبانگەکانی بەرهەمی کشتوکاڵییە و پێویستە پێش کردنەوەی پێشانگاکە نزیکەی شەش مانگ پێشتر داواکاری پێشکەش بکەین و چەند فۆرمێک هەیە پڕی کەینەوە و هەندێک ڕۆتینیات هەیە تەواوی کەین، بۆیە هەوڵ دەدەین بەشدار بین، چونکە حکوومەت پلانی داناوە کە بەرهەمی ناوخۆ هەناردە بکات و ئێمەش لەو چوارچێوەیەدا کار دەکەین.''
ئەرگووشی ڕوونیشی کردەوە: ''لەو پێشانگایە بەرهەمەکان دەناسێنین، چونکە خەڵکی شارەزا هەیە لەوێ لەبارەی گواستنەوە و کوالیتی و مانەوەی بەرهەمەکە و ئەمانە هەمووی کاری لەسەر دەکەین، ئەوکات کە بڕیاریان دا، داوا دەکەن چەندیان پێویستە، ئێمەش ئامادەکاری دەکەین، بەڵام دڵنیام هەنار شوێنی خۆی دەگرێت و داواکاریی لەسەر دەبێت.''
بڵند ئیبراهیم




