سیاسەتمەدارێک: خەمی بارزانی نەمر کوردایەتی بووە

ھەولێر-KDP.info- سیاسەتمەدارێکی کورد دەڵێ، بارزانی نەمر، هەمیشە خەمی کوردایەتی و ئازادبوونی کوردستانی بووە و، هیچ کات ئارەزووی شەڕکردنی نەبووە گەر ناچاری نەبووبێت، بەڵکو ویستی ئاشتی هەبووە، هەر بۆیەش لەسەر دەستی بارزانی نەمر، یەکەمجار حکوومەتی عێراق دانی بە مافەکانی گەلی کورد ناوە.
دکتۆر ناسح غەفور، سیاسەتمەداری کورد و پێشمەرگەی هەردوو شۆڕشی ئەیلول و گوڵان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، بارزانی نەمر، رۆڵەی بنەماڵەیەکی تێکۆشەر و کوردپەروەری ناوچەی بارزان و کوردستان بەگشتی بووە، لەڕۆژی لەدایکبوونییەوە، ئەو بنەماڵە لەسەر بیروبۆچوونی رزگارکردنی کوردستان و گەیشتن بە دوائامانجەکانی کوردستان پەروەردەیان کردووە، لە ناوچەی بارزان ئەو دابوونەریتە بۆتە دابونەریتی بارزانی نەمر.
ئەوەشی بۆ وەبیرهێنانەوە باسکرد، کە بارزانی نەمر هەر لە منداڵییەوە لەگەڵ دایکی بەهۆی کوردایەتییەوە زیندانی کراوە و، براگەورەکەی شێخ عەبدولسەلام بارزانی لەلایەن تورکەکان لەسەر کوردایەتی لە سێدارەدراوە. جەختیش لەوەدەکاتەوە، کە بارزانی نەمر چاوی کردۆتەوە و پێگەیشتووە، هەمان رێچکەی گرتۆتەبەر و لە شۆڕشی شێخ سەعیدی پیران بەشداریکردووە و، لە هاوکاریکردنی شێخ مەحمودی حەفید هاوکاری کردووە و، لەساڵانی 1930 و1940شۆڕشی بەرپاکردووە و، دواتر بەشداری لە شۆڕشی مەهاباد و کۆماری کوردستان لەگەڵ پێشەوا قازی محەمەد کردووە، دواتریش کە 500 کەسی لەگەڵدا بووە و بەرەو روسیا رۆیشتووە و خۆی گەیاندۆتە یەکێتی سۆڤیەتی جاران، کە بەڕێڕەوێکی مێژوویی لەقەڵەم دەدرێت.
دکتۆر ناسح، ئاماژە بەوەش دەکات، بارزانی نەمر، لەوێش دەستبەرداری کوردایەتی نەبووە و، دەوری باڵای هەبووە کە تەنگانەترین رۆژانی ژیانی نیشانی روسەکان و ئازربایجانەکان بدا، دەشڵێ: "خەمی ئەو خەمی کورد بووە، خۆی بە خزمەتکاری کورد لەقەڵەم داوە و، دوای نەمانی ستالین چۆتە مۆسکۆ و، لەوێش ئەکادیمی سەربازی تەواوکردووە و، توانیویەتی بڕوانامە وەربگرێت، کە خۆم بینومە بەزمانی روسی بەپلەیەکی باڵا وەریگرتووە، هەمیشە خولیای کوردایەتی و ئازادبوونی کوردستان بووە".
گوتیشی: "دوای گەڕانەوەی بۆ عێراق، وەک قارەمانێک پێشوازی لێکرا، بەداخەوە عەبدولکەریم قاسم ئەو بەڵێنەی بە کوردی دابوو، جێ بەجێ نەکرا، بۆیە شۆڕش بەرپابوو کە شۆڕشی ئەیلول بوو، خۆشم دیراسەیەکم ئامادەکردبوو لەبارەی 100ساڵەی لەدایکبوونی بارزانی نەمر، ئەوەی شۆڕشی مەزنی ئەیلول و ژیانی بارزانی نەمری خوێندبێتەوە، ئەو رێبازەی بۆ ئێمە ماوە، پیرۆزە و رێبازی کوردایەتی و ئاشتی و گەیشتن بە مافەڕەواکانی گەلی کوردە، هاوکات دادپەروەری و بەرگریکردنە لەمافی مرۆڤ و ئافرەت و ژینگە و پاک و خاوێنی کوردستان".
ئەو جەخت لەوە دەکاتەوە، هەرکاتێ بارزانی ناچار بووبێت پەنای بۆ چەک بردووە، لە کاتێکدا هیچ کات ئارەزووی شەڕکردنی نەبووە و، ئێستاش بەهەمانشێوە سەرۆک بارزانیش وتووێژی ئاشتبوونەوە دەکات، کە هەمان رێبازی بارزانی نەمرە، هەرکاتێک بوارێک رەخسابێت تا بە گفتوگۆ بگەینە مافەڕەواکان، بارزانی درێغی نەکردووە، نموونەش بەوە دێنێتەوە، کە بەیاننامەی 29ی حوزیرانی ساڵی 1966هەرچەندە بەداخەوە جێ بەجێ نەکرا، دواتر رێککەوتننامەی 11ئاداری ساڵی 1970لەگەڵ حکومەتی بەعس، بەڵام بەداخەوە ئەوانیش جێبەجێیان نەکرد، بۆیە بارزانی کۆڵی نەدا و بەردەوام بوو لە خەبات، ئەوەش بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی گەلی کورد.
ئەوەش دووپات دەکاتەوە، کە ئەو دەستکەوتانەی ئێستا هەن، بەرهەمی ئەو رێبازە پیرۆزەیە و، تا ماون لەسەر ئەو رێبازە بەردەوام دەبن، کە رێبازێکی پیرۆزە و گەیشتنە بە مافەکان، بۆیە تا لەسەر گۆی زەوی ژیان مابێت، ناوی بارزانی نەمر دەمێنێت.
بڵند ئیبراهیم




