نێچیرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ لۆرد ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى به‌ریتانیا كۆبووه‌وه

هه‌ولێر-KDP.info- ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2023/3/1 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له به‌ڕێز لۆرد تارق ئه‌حمه‌د وه‌زیرى ده‌وڵه‌تى به‌ریتانیا بۆ كاروبارى ڕۆژهه‌ڵاتى ناوه‌ڕاست و باكوورى ئافریكا و نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كرد.
له كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا لۆرد ئه‌حمه‌د جه‌ختى له خواستى وڵاته‌كه‌ى بۆ بره‌ودان به په‌یوه‌ندییه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه به‌ریتانیا به بایه‌خه‌وه له په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا ده‌ڕوانێت و پێى وایه سه‌قامگیرى و په‌یوه‌ندیى باشى هه‌ولێر ـ به‌غدا، عێراق به‌هێزتر ده‌كات له ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى ئاڵنگارییه‌كاندا، ستایش و پشتگیریى وڵاته‌كه‌یشى بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى نێوان هه‌ردوولا نیشان دا.
له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه به‌ڕێزان باڵیۆزى به‌ریتانیا له عێراق و كونسوڵى گشتییان له هه‌ولێر ئاماده‌ى بوون، هه‌ردوولا دۆخى سیاسى و ئابووریى عێراق و هه‌رێمى كوردستانیان تاوتوێ كرد. له‌مباره‌یه‌وه سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى دووپاتى كرده‌وه كه هه‌رێمى كوردستان له هه‌وڵى به‌رده‌وامدایه بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا، هه‌روه‌ها بۆ پاراستنى یه‌كڕیزى له هه‌رێمى كوردستان.
هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه ئارامى و سه‌قامگیرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى وڵات، بره‌و به پێشكه‌وتن و گه‌ڕانه‌وه‌ى عێراق بۆ پێگه‌ى شایسته‌ى خۆى له ناوچه‌كه و له‌سه‌ر ئاستى جیهان ده‌دات و ده‌رفه‌تى كار و وه‌به‌رهێنان و سه‌رمایه‌گوزاریى بیانى زیاتر ده‌كات.
پرسه‌كانى هه‌ڵبژاردن له هه‌رێمى كوردستان، یاساى نه‌وت و گاز و بودجه‌ى عێراق، په‌یوه‌ندییه‌كانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان له‌گه‌ڵ وڵاتانى دراوسێ، دۆخى ناوچه‌كه به‌گشتى، لێكه‌وته‌كانى شه‌ڕ له ئۆكراینا و چه‌ند بایه‌تێكى دیكه‌ى جێى بایه‌خى هاوبه‌ش، ته‌وه‌رێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه بوو.




