پانێلێک بۆ گفتوگۆ دەربارەی سنوورەکان

پۆلۆنیا -KDP.info- لە ڕێکەوتی 22/02/2023 لە گەلەریی پانۆراما لە تۆماشۆڤیچ، پێشانگای "هونەری بێسنوور" کرایەوە و پانێڵێک بۆ گفتوگۆ دەربارەی بارودۆخی پەنابەرانی سنووری بێلاڕووس بەڕێوە چوو کە لەلایەن دامەزراوەی ''ڤۆڵنۆ نام'' و ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان لە شاری کراکۆڤ و نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا، زیاد ڕەئوف، ڕێک خرابوو.
سەرەتای دەستپێکی پێشانگاکە بە پێشکەشکردنی وتاری هەریەک لە نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیاد ڕەئوف و ،سەڕۆکی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان لە شاری کراکۆڤ، پڕۆفیسۆر ئەندژێی بێدنارچیک و سەرۆکی دامەزراوەی ''ڤۆڵنۆ نام'' خاتوو ئاگاتا کلوچێڤسکا و کۆرێتەری پێشانگا خاتوو مۆنیکا ڤانیورا کورۆسات دەستی پێ کرد.
لە پێشانگاکە 52 کاری هونەری نمایش کراون کە بەرهەمی 15 هونەرمەندی پەنابەر لە کوردستان و عێراق و کۆنگۆ و کوبا سنووریان بەزاندبوو و لە کەمپە داخراوەکانی پۆلۆنیا و لیتوانیا دەستبەسەر بوون. کارە هونەرییەکانیان جۆراوجۆرن وەکوو تابلۆ و کۆلاژ و فۆتۆگرافی و پۆستەر و ڤیدیۆ.
شایانی باسە، بەرهەمەکانیان چارەنووسی سەخت و بەئازاری ئەو کەسانە دەردەخەن کە ناچارن زێدی خۆیان بەجێ بهێڵن و دەست بکەن بە گەشتە مەترسیدارەکان بۆ ئەورووپا و بەسەربردنی ژیانی تەنیایی لە کەمپە داخراوەکان.
پاش کردنەوەی پێشانگاکە پانێلێکی گفتوگۆ دەربارەی قەیرانی پەنابەران لەسەر سنووری بێلاڕووس بەڕێوە چوو بە بەشداریکردنی نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پۆلۆنیا و سەرۆکی ئەکادیمیای هونەرە جوانەکان لە شاری کراکۆڤ و سەرۆکی دامەزراوەی 'ڤۆڵنۆ نام' و ئەکتەری ناسراوی پۆلۆنی کە چالاکە لە یارمەتیدانی پەنابەران خاتوو مایا ئۆستاشێڤسکا لەلایەن خۆیەوە لێدوانێکی بۆ بەشداربوانی چالاکییەکە تۆمار کردبوو، هەروەها کۆمەڵێک ڕۆژنامەنووس و چالاکوان کە لە سەرەتای دەستپێکردنی قەیرانی پەنابەرانەوە لەسەر سنووری بێلاڕووس هاوکاری پەنابەران دەکەن.
لە میانی گفتوگۆکەدا نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان، زیاد ڕەئوف، وتاری خۆی پێشکەش کرد و ئاماژەی بە هۆکارەکانی کۆچکردن لەو وڵاتانەوە بۆ ئەورووپا کرد و جەختی لەوە کردەوە کە تاکە ڕێگا بۆ کەمکردنەوەی کۆچکردن لەو وڵاتانەوە بۆ ئەورووپا چارەسەرکردنی کێشەکان و نەهێشتنی هۆیەکانی کۆچکردنە، بەتایبەتی شەڕ و ئاژاوە و کێشە ئابوورییەکان و کێشەکانی ژینگە و لەو بوارەوە وڵاتە پێشکەوتووەکانی ئەورووپا و جیهان دەتوانن و ئەرکیشیانە کە کاریگەرییەکی ئەرێنییان هەبێت.
- ئەم پێشانگایە کراوە دەبێت تا ڕێکەوتی 8/3/2023 لە تۆماشۆڤیچ.




