٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

خه‌سره‌و ئاژگه‌یی: وێبیناره‌كانی لقی 6 سه‌كۆی په‌یوه‌ندیی دیجیتاڵیی كادیرانی ئێمه‌ بوون له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان

سەرچاوە: KDP.info

ئه‌ورووپا -KDP.info- له‌ دووەمین ساڵیادی ده‌ستبه‌كاربوونی زنجیرەی وێبیناره‌كانی لقی 6ی ئەورووپای پارتی دیموكراتی كوردستان، وێبینارێکی تایبەت ڕێک خرا و تێیدا خه‌سرۆ ئاژ‌گه‌یی، كارگێری لقی 6ی ئەورووپا و بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لق، گوته‌یه‌كی پێشكه‌ش كرد و تێیدا گوتی: "وێبینارەکانی لق کە بۆ دوو ساڵە هەفتانە بەڕێوە دەچێت بەبێ دابڕان توانیی ئەندام و کادیرانی پارتیمان لە ئەورووپا، ئەمەریکا و کەنەدا و ئوستڕالیا و ئاسیا و ناوەوەی کوردستانیش بە یەکەوە کۆ بکاتەوە و گفتوگۆیەکی کراوە دروست بکات. هاوکات ببێتە هۆکاری دروستکردنی ئاشنایی لە نێوان هەڤاڵانی پارتیمان لە هەموو بستێکی جیهاندا. لە ڕێگای ئەو وێبینارانەوە، توانیمان هەموو ئەو پرس و بابەتە گرینگانەی کە تێپەڕین، بە داوەتکردنی کاربەدەستانی حزبی و حکوومی و لە هەولێر و بەغدا و کەسانی پسپۆڕ و شارەزا شی بکەینەوە و ئاشنایییەکی زۆر باش لەلای بەشداربووان لەسەر کۆی هەموو پرسەکان دروست بکەین. لە ڕاستیدا وێبینارەکانی لقی ٦ی ئەورووپا خولێکی بەردەوامی ڕۆشنبیری بوو کە بۆ ئەو دوو ساڵە سوود و قازانجێکی زۆری گەیاندە بەشداربووان.''

ئاماژەی بەوەش دا کەوا ئەو وێبینارانە توانیویانە ببنە سەرچاوەیەکی بەهێزی پێدانی زانیاریی ڕاست و دروست بۆ ئەندامان و کادیرانمان لە دەرەوەی وڵات بۆ ئەوەی بتوانن سوودی لێ ببینن و بەکاری بێنن بۆ برەودان بە دیپلۆماسیی حزبی و دیپلۆماسیی دیاسپۆڕای کوردستانی، هەروەها توانیویانە ماڕکە و مۆڕکێکی تایبەت دروست بکەن وەك داهێنانێکی تازە کە بۆ دوو ساڵە هەفتانە بەردەوام بووە.

خه‌سره‌و ئاژگه‌یی هه‌روه‌ها باسی ئه‌وه‌ی كرد‌: "وێبیناری لقی ٦ توانیی ببێتە سەکۆیەکی ستراتیژی بۆ دووبارەبەستنەوەی ڕێکخستنەکانی دەرەوە بە ناوەوەی وڵات و هەستکردنیان بەوەی کەوا بەشێکی گرینگن لە خۆشی و ناخۆشییەکان و گەیاندنی بۆچوون و بیروڕاکانیان لەسەر هەموو پرسەکان بۆ سەرکردایەتیی پارتیمان.''

بەرپرسی بەشی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندنی لقی ٦ی ئەورووپا هەروەها گوتی:  "لە سەردەمی ئێستادا، زەروور بوو کەوا ئێمە سوود وەربگرین لە تەکنەلۆژیا و پێشکەوتنی زانستی کۆمیونیکەیشن و هاوکات لە خزمەتی پارتیماندا بەکاریان بێنین و ئامرازێکی زۆر بەسوود و گرنگ بوو بۆ ئەوەی بتوانین بە زانیاریی ڕاست و دروست ڕووبەڕووی فشارەکانی نەیاران ببینەوە لە سەردەمێکدا کەوا تۆڕی سۆشیاڵمیدیا لە هەندێك حاڵەتیدا دژی خواست و ویست و ئامانجە نیشتمانی و نەتەوەیییەکانمان بەکار دێت.''

ناوبراو هه‌روها گوتی: ئەو وێبینارە بۆ هەمووانی دەرخست کەوا کادیرانی پارتیمان لە دەرەوەی وڵات خاوەن توانا و لێهاتووییی باشن و ئایدیا و پێشنیاری چاکیان هەیە لە هەموو بوارەکاندا و هەستێکی نیشتمانپەروەرانەیان هەیە و خۆیان بە بەشێکی دانەبڕاو لە کوردستان و ڕووداوەکانی هەژمار دەکەن و توانرا لەسەر هەر پرس و بابەتێك ڕا و بۆچوونەکان بەپێی خوێندنەوەکان لە ئەورووپا بگەیەنرێنە سەرکردایەتیمان و ببێتە مینبەرێك کە لەوێوە ئەندام و کادیرانی پارتیمان هەست بەوە بکەن کەوا ئەوان ئامرازی گرینگی کوردایەتین لە دەرەوەی وڵات و ڕا و بۆچوونەکانیان بەهەند وەردەگیرێن. هاوکات سوپاسی هەموو ئەو هەڤاڵانەی کرد کەوا بۆ ماوەی دوو ساڵ و بە بەردەوامی هەفتانە ڕۆژانی یەکشەممە بەشدارییان کردووە لە وێبینارەکە و ڕۆڵی کاریگەریان بینیوە بۆ سەرخستنی ئەو وێبینارە.

دواتر به‌شداربووانی وێبینارەکە پرسیار و تێبینی و پێشنیاری نوێیان خسته‌ ڕوو بە مەبەستی گەشەدانی زیاتر بەو وێبینارە.

شایانی باسە لە ڕێکەوتی ٢٧/٢/٢٠٢١ یەکەمین وێبیناری هەفتانەی لقی ٦ی ئەورووپای پارتی دیموکراتی کوردستان دەستی پێ کرد و تا ئێستاش بەردەوامە. هەفتانە بابەتێكی گرینگ هەڵبژێردراوە کە پەیوەندیی هەبووە لەگەڵ پرس و ڕووداوەکان و لایەنی پەیوەندیدار و پسپۆڕ داوەتی وێبینارەکە کراون بۆ شیکردنەوەی بابەتەکە و ڕا و بۆچوونەکانی کادیرانی پارتیمان لە دەرەوەی وڵات وەرگیراوە و بەڕاشکاوی ئاماژە بە کۆی ئەو ڕووداوانە دراوە.

 

سه‌لاح جه‌لال

 

هەواڵی پەیوەندیدار