٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

ئازاد تۆفیق: ماڵپەڕی فەرمیی پارتی خزمەت بە دۆزی گەلی کورد دەکات

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە -KDP.info- پارێزگاری هەڵەبجە دەڵێت، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی خزمەت بە دۆزی کورد ئایندەی کورد و گەیاندنی ئەم گەلە بە کەناری ئارامی دەکات، پێویستە میدیای حزبی و سەربەخۆ هەست بە مەهامی مێژووییی خۆیان بکەن، چونکە دەبێت کێشەی خاک و نیشتمان و گەیاندنی ئەم گەلە بە کەناری ئارامی و مافی چارەی خۆنووسین و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان پەیامی یەکەمی هەموو میدیاکان بێت.

ئازاد تۆفیق، پارێزگاری هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "میدیایەک هەیە لایەنە سیاسییەکان سەرپەرشتیی دەکەن و میدیاش هەیە سەربەخۆ، هەموو ئەو میدیایانە بەرنامەی تایبەتییان هەیە، میدیاکانی لایەنە سیاسییەکان بەرپرسن و بەرپرسیارەتیی مێژوویییان لەسەر شانە، نموونە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی هی هێزێکی سیاسییە و مێژوویەکی لە خەباتی ڕزگاریی گەلی کوردستان هەیە، ئەم ماڵپەڕە خزمەت بە دۆزی کورد و ئایندەی کورد و گەیاندنی ئەم گەلە بە کەناری ئارامی دەکات، ئەمەش بۆ میدیاکانی حزبەکانی تریش ڕاستە".

تۆفیق گوتی: "لای میدیای پارتی کەلتوورێکی دیموکراتی و ئازادانە بۆ گەلی کورد زاڵە، پیرۆزباییی ساڵڕۆژی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەکەم، هیوادارم لە ئاستی پێداویستییە نیشتمانییەکانی خاک و نەتەوە و گەلی بندەستی کورددا بێت".

پارێزگاری هەڵەبجە زیاتر گوتی: "من پێم وایە بۆ گەلێکی بندەستی وەک کورد، میدیا ئەرکێکی لەسەر شانە، کەی کورد بووە خاوەنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆی، مافی چارەی خۆنووسینی بۆ دیاری کرا، دان بە سنووریدا نرا و کورسیی هەبوو لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئاڵای بە شکۆمەندی شەکایەوە لەسەر خاکەکەی، مەهامێکی تری هەیە، بۆیە ئێسته دەبێت هەموو میدیاکان بە میدیای حزبی و سەربەخۆوە هەست بە مەهامیی مێژووییی خۆیان بکەن، چونکە دەبێت کێشەی خاک و نیشتمان و گەیاندنی ئەم گەلە بە کەناری ئارامی و مافی چارەی خۆنووسین و دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستان پەیامی یەکەمی هەموو میدیاکان بێت".

 

عەزیز ڕەسووڵ

 

هەواڵی پەیوەندیدار