٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

بلند ئیسماعیل: پارتی جددییە لە بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی ئاشکرای کرد، پارتی جددییە لەسەر بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن لەمساڵدا و نابێت ناکۆکیی سیاسی ببێتە ئاستەنگ لە بەردەم پرۆسەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان.

بلند ئیسماعیل، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندیی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: ''ھەڵوێستی پارتی لەبارەی ھەڵبژاردنەوە دیارە و ساڵی رابردووش پارتی ئامادە بوو پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، بەڵام کە دوا خرا مەبەست لێی ئەوە بوو لایەنەکان بگەنە رێککەوتن و پارتی جددییە ئەمساڵ پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوە بچێت، پێویستە لایەنەکانی دیکەش ئامادە بن بۆ ھەڵبژاردن.''

بەرپرسەکەی پارتی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "لەپێناو بەرژەوەندیی گشتی و سازان لەسەر بەڕێوەچوونی پرۆسەی ھەڵبژاردن پارتی ئامادە بوو بە پێشنیاری لایەنەکان رازی بێت لەوەی ھەرێمی کوردستان بکرێتە چوار بازنەی ھەڵبژاردن و کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنیش وەک پێشوو کارا بکرێتەوە و تۆماری دواین ھەڵبژاردنی عێراقیش بەکار بێت بۆ ھەڵبژاردن.''

بلند ئیسماعیل گۆتیشی: "نابێت ناکۆکیی سیاسی، یان کێشەی سیاسیی نێو لایەنێکی سیاسی ببێتە ھۆکار بۆ دواخستنی پرۆسەیەکی دیموکراسی و گرینگی وەک ھەڵبژاردن، لەبەر ئەوەیش پێویستە لایەنەکان بگەنە رێککەوتن بۆ ئامادەکارییەکانی پرۆسەی ھەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا.''

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار