ئۆزجەلیک: ماڵپەڕی KDP توانی خۆی بگەیەنێتە هەر چوار پارچەی کوردستان

باکووری کوردستان-KDP.info- موستەفا ئۆزجەلیک، سەرۆکی گشتیی پارتی ئازادیی کوردستان رایدەگەیەنێت، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، ماڵپەڕێکی سەردەمییە و وەک هەموو میدیاکان بەرهەمی خەباتی سەد ساڵی ئێش و ئازار و جینۆساید و ئەنفالە. دەشڵێ، ماڵپەڕی KDP توانیویەتی سنووری هەر چوار پارچەی کوردستان ببڕێت.
ئۆزجەلیک، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ماڵپەڕی KDP.info بەرهەمی هۆشمەندی، دانبەخۆداگرتن و سەقامگیری، بڕیاردان، فیداکاری، تیکۆشان و نیشتیمانپەروەری، نەتەوەپەروەری و وڵاتپارێزییە.
ناوبراو گوتیشی، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، بەشێکی وەشانگەریی کوردییە، وەشانی کوردیش لە ژێر ستەم، زوڵم، قەدەغە، سزا و گرتن و ئەشکەنجە و زینداندا، هیچ کات سەری خۆی نەچەماندووە و دۆزی ئازادی و سەربەرستیی کوردی پاراستووە.
موستەفا ئۆزجەلیک ئاماژەشی دا، ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، زۆر جار بیر و بۆچوونی پارتە کوردییەکانی باکوور و کەسایەتییە جیاوازەکانی بڵاو کردووەتەوە، ئەمەش نیشانەی ڕێزگرتن و گەشەکردن و کۆدەنگییە لەنێو خەڵکی کوردستاندا.
دەشڵێ، ماڵپەڕی KDP توانی خۆی بگەیەنێتە سنوورێکی فراوانی هەر چوار پارچەی کوردستان و ئەو سنوورانەی بڕی، کە بە بڵاوکردنەوەی بیری نەتەوەیی و نیشتیمانی، ڕۆڵێکی بەهێز دەگێڕێت.
گوتیشی، لە یادی ١٢ ساڵەی دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتیدا، پیرۆزبایی لە سەرۆک مەسعود بارزانی و بەڕێوەبەر و ئەندامانی پارتی و هەموو پەیامنێرەکان و خەباتکارەکانی دەکەم.
کاروان باعەدری




