وەزیری پەروەردە: پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندندا دەکەینەوە

هەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ دووشەممە دەستەی سەربەخۆی مافەکانی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان کۆنفرانسێکی تایبەت بە خوێندن بە زمانی دایکی بەڕێوە برد و تێیدا وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بۆ خوێندن بە زمانی پێکهاتە جیاوازەکان لە کوردستاندا پێش وڵاتانی دەوروبەر و عێراقیش بووین.
لەو کۆنفرانسەدا، ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان، گوتی: بۆ خوێندن بە زمانی پێکهاتە جیاوازەکان لە کوردستاندا پێش وڵاتانی دەوروبەر و عێراقیش بووین و کارمان لەسەر دابینکردنی مافە سەرەتاییەکانی بەیەکەوەژیان و مافەکانی مرۆڤ لە بواری پەرەوەردە و خوێندندا کردووە.
وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان گوتیشی: لە کابینەی نۆیەم پێداویستیی خوێندن زیادی کردووە و هێشتا هەوڵی بەرفراوانی بۆ دەدەین و بەپێی یاسا سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان خۆی پابەند کردووە بە دابینکردنی مافی خوێندن بە زمانی دایک بۆ هەموو پێکهاتەکان. بۆیە ئێستا لە هەوڵی ئەوەداین خوێندن بە زمانی دایک فراوانتر بکرێن، بە شێوەیەک پێشتر تەنها لە ناوچەی چڕی دانیشتوان خوێندن بە زمانی دایک فەراهەم کراوە، بەڵام ئێستا دەبێ ئارەزوومەندانە بێت. لەگەڵ ئەوەشدا پێداچوونەوە بە پرۆگرامەکانی خوێندندا دەکەینەوە و پێکهاتەکانی تورکمان و کلدان و سریان گوزارشتیان لە مێژوو و کولتووری خۆیان کردووەتەوە.




