٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

کەنعان خەیلانی: ماڵپەڕی فەرمیی پارتی جێگەی زۆر دەزگای گرتووەتەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- دوازدە ساڵ بەسەر دامەزراندنی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستاندا تێپەڕ دەبێت و فراکسیۆنی پارتی لە ھەردوو ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر و دھۆک جەخت دەکەنەوە لەوەی کە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بەھۆی کارکردنی پیشەییانەوە جێگەی زۆر دەزگای گرتووەتەوە.

کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "ماڵپەڕی فەرمیی پارتی شوێنی زۆر دەزگای ڕاگەیاندنی گرتووەتەوە و بووەتە سەرچاوەی ھەواڵی ڕاست و دروست، لەبەر ئەوەی تاکە ماڵپەڕە کە ھەواڵی ڕاست و دروستی تێدا بڵاو دەبێتەوە و زۆرن ئەو میدیا و ماڵپەڕانەی سوود لە ڕاستی و دروستیی ھەواڵ و زانیارییەکانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی وەردەگرن و زۆربەی دەزگاکانی میدیا دەگەڕێنەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی، چونکە سەرچاوەیەکی باوەرپێکراوە و دڵنیاییی تێدایە.''

ھۆشیار فه‌ریق، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ماوەی نۆ ساڵە ئێمە لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆک مامەڵە لەگەڵ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەکەین بۆ گەیاندنی زانیارییەکان و ئەوەی ماڵپەڕی پارتی لە ماڵپەڕ و دەزگا میدیاییەکانی دیکە جیا دەکاتەوە کارکردنی پیشەیییانە و لەبەرچاوگرتنی یاسا و ئیتیکی ڕۆژنامەوانییە.''

خەیلانی گۆتیشی: "ئێمە وەک فراکسیۆنی پارتی و ئەنجومەنی پارێزگای ھەولێر بەگشتی ھەر بابەتێک ھەبێت و ھەر بەدواداچوونێک بکەین پێش ھەموو شوێنێک دەمانەوێت لە ماڵپەڕی فەرمیی پارتیدا زانیارییەکان بڵاو ببنەوە، بەدڵنیایییەوە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی بەبێ دەستکاری و بە بەکارھێنانی زانیارییەکان وەک خۆیان بە پیشەیییانە دەیانگەنێتە خوێنەر.''

سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای دھۆکیش دەڵێت: "ماڵپەڕ و میدیا زۆرن لە سەردەمی ئەمڕۆدا، بەڵام بۆ پشتڕاکردنەوەی ھەوڵێک نەک تەنیا خوێنەر و ھاووڵاتی، دەزگای فەرمی و ڕاگەیاندنەکانیش دەگەڕێنەوە بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەوەش شانازییە بۆ ستافی ماڵپەڕ و بە ناوی فراکسیۆنی پارتییەوە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە ستاف و کارمەندانی ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دەکەین.''

قائید میرۆ

هەواڵی پەیوەندیدار