ئەمساڵیش بەرھەمی ناوخۆ ھەناردەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێت

هەولێر-KDP.info- بەرپرسێکی وەزارەتی کشتوکاڵ ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، جگە لە ھەنگوین, ئەمساڵ بەرھەمی دیکەش ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان دەکرێت و سیاسەتی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پشتگیریی کەرتی کشتوکاڵ و بەرھەمی ناوخۆ دەکات، ئەمەیش وای کردووە ئەمساڵ بەرھەمی زیاتر ھەناردە بکرێت.
د. زێدا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان لە وەزارەتی کشتوکاڵ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "ساڵی ڕابردوو بەپێی پلانێک حکوومەتی ھەرێمی کوردستان توانیی بەرھەمی ھەناری ناوخۆ ڕەوانەی بازاڕەکانی دەرەوە بکات و لەلایەن نووسینگەی سەرۆکی حکوومەت سەرپەرشتیی پرۆسەی ھەناردەی ھەناری ناوخۆ کرا و، ئەمساڵیش ھەمان پلان ھەیە و بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی ناوخۆ بۆ بازاڕەکانی جیھان پلانەکە فراوانتر دەکرێت و بڕیارە جگە لە بەرھەمی ھەناری ناوخۆ سێوی بەرواری بالا و ھەنگوینی سروشتیی کوردستانیش ڕەوانەی بازاڕەکانی جیھان بکرێت.''
بەڕێوەبەری گشتیی پلاندانان دەشڵێت: "وەزارەتی کشتوکاڵ مۆڵەت بە ھەموو بەرھەمێک دەدات بۆ ئەوەی ئەگەر مەرجەکانی تێدا ھەبێت ڕەوانەی بازاڕی جیھان بکرێت، چونکە ھەر بەرھەمێک ڕەوانەی دەرەوە بکرێت پێویستی بە پشکنین ھەیە و بڕوانامەی تەندورستیی پێ دەدرێت.''
د. زێدا محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: ''پرۆسەی ھەناردەکردنی ھەناری ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بە سەرکەوتوویی جێبەجێ کرا و دەرگایەکی کردەوە بۆ ھەناردەکردنی بەرھەمی زیاتر، لیژنەیەک ھەیە بۆ سەرپەرشتیکردنی بەرھەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە مەبەست لێی پەیداکردنی بازاڕە بۆ بەرھەمی ناوخۆ و، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەردەوام دەبێت لەسەر سیاسەتی خۆی بۆ پشتگیریی بەرھەمی ناوخۆ.''
قائید میرۆ




