٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

هەشت تیمی دیکەی ڕزگارکردن و فریاگوزاری لە هەرێم زیاد کران

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری گشتیی دیوانی وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، جگە لە هەبوونی شەش تیمی رزگارکردن لە هەرێمی کوردستان، هەشت تیمی دیکە زیاد کراون و هەموو کەلوپەل و ئۆتۆمبێلی تایبەتیان بۆ دابین کراوە و ئامادەن بۆ هەر رووداوێکی نەخوازراو بێتە پێشەوە. دەشڵێ، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی دەبێتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی.

هێمن میرانی، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی، سێ تیمی گرنگی تایبەتمەندی رزگارکردن رۆیشتبوونە تورکیا بۆ رزگارکردنی هاووڵاتیان لە بوومەلەرزە و توانییان رۆڵێکی گرنگ ببینن و چەند هاووڵاتییەک رزگار بکەن، هەروەها ژمارەیەک تەرمیشیان دەرهێنا و هاوکاریی لێقەوماوانیشیان کرد، ئەمە سێ تیمی وەزارەت بوون و سێ تیمی دیکەش هەبوون، کە ئێستا هەشت تیمی دیکە زیاد دەبن بۆ تیمەکانی رزگارکردن و راهێنانی پێویستیان وەرگرتووە و ئۆتۆمبێلی تایبەتیان هەیە، کە یەکەم جارە لە هەرێمی کوردستان بەکار دەهێندرێن بۆ رزگارکردن و بۆ حاڵەتە نەخوازراوەکان وەکو بوومەلەرزە و رووداوی گەورە تا بەو کەلوپەل و ئامێرانە بتوانن هاووڵاتیان رزگار بکەن، کە پێشتر ئەو کەلوپەلانە نەبوون، تیمەکانیش ئامادە کراون و دابەش دەکرێن بەسەر پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆکاندا، بۆیە وەکو حکوومەت پێویستیمان بە ئامادەکاری هەیە لە ئەگەری هەر ڕووداوێکی نەخوازراو.

میرانی گوتیشی، لەسەر فەرمانی سەرۆکی حکوومەت و ئەنجومەنی وەزیران، ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی بەرگریی شارستانی دەبێتە بەڕێوەبەرایەتیی گشتی و لە هەموو روویەکەوە دەچێتە قۆناغێکی دیکەوە، بێگومان لەڕووی راهێنان و دابینکردنی کەلوپەلی پێویست و مۆدێرن و ئۆتۆمبێلەکانیان یەکجار پێشکەوتوون و وەکو ئەوەی لە وڵاتان بەکار دەهێندرێن کڕدارون و بۆ بەرگریی شارستانی دابین کراون، بۆیە ئەمەی کراوە وەکو ئامادەکارییە و ئێستاش لە هەموو روویەکەوە بۆ هەر رووداوێک ئامادە کراون کە بێتە پێشەوە.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار