٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

دەستەی گەشتوگوزاری هەرێم: پابەندی بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەت دەبین لەبارەی بەکارهێنانی زمانی کوردییەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەولێر -KDP.info- گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان گوتی، پێشوازیی لە بڕیاری سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لەبارەی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە هەموو شوێنە گەشتیارییەکان و پابەندی ئەو بڕیارە دەبین و بەرزی دەنرخێنین.

گوتەبێژی دەستەی گشتیی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، ئیبراهیم عەبدولمەجید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: زۆر دڵخۆشین بە بڕیارەکانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی زمانی کوردی و بەرزی دەنرخێنین و ساڵی ڕابردوو لە مانگی هەشتەوە بڕیارمان دەرکرد تەواوی بنکە گەشتیارییەکان. ئەوانەی مۆڵەتی گەشتیارییان هەیە، پێویستە پابەند بن بە بەکارهێنانی زمانی کوردی وەکوو زمانی فەرمی و لە نووسینی تابلۆی شوێنەکان و لە لیستی خزمەتگوزارییەکان و هەر پسوولەیەکی دیکە پێویستە بە کوردی بێت و لیژنەشی بۆ پێک هێندراوە بۆ ئەوەی جێبەجێ بکرێت و ئەوەی پابەند نەبێت، سزا دەدرێت، کە بۆ ماوەی سێ ڕۆژ دادەخرێن و جاری دووەم هەفتەیەک دادەخرێن و ئەگەر هەر پابەند نەبوو ئەوکات مۆڵەتی کارکردنیان لێ وەردەگیرێتەوە، بۆیە بە تەواوی پێشوازی لەو بڕیارە دەکەین و ئێستا بەو بڕیارەی پێشتر دەرمانکرد پشتئەستوورتر دەبین، لەبەر ئەوەی سەرۆکی حکوومەت ئەو بڕیارەی دەرکردووە، بەتەواوی پابەندی بڕیارەکە دەبین.''

ئیبراهیم عەبدولمەجید گوتیشی: ''ئەو بڕیارەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەستی ئێمەی کراوەتر کردووە بۆ ئەوەی ئەو بڕیارەی دراوە باشتر جێبەجێ بکرێت، بۆیە لەمەودوا لە هەموو ئەو شوێنانەی پەیوەندیی بە گەشتیارییەوە هەیە پابەندی بڕیارەکە بن، کە سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داویەتی لەبارەی بەکارهێنانی زمانی کوردی لە هەموو شوێنەکان.''

دوێنێ لە ڕۆژی جیهانیی زمانی دایک سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دوو فەرمانی تایبەت بە گرنگیدان بە زمانی دایک دەرکرد، لە یەکێک لە فەرمانەکاندا هاتووە، پێویستە  لە هۆتیل و شوێنە گەشتیاری و ڕێستورانتەکان گرنگی بە زمانی کوردی بدرێت و لیستی خواردن و ڕێبەر و ڕێنماییەکان بە زمانی کوردیش بێت.

 

بڵند ئیبراهیم

 

هەواڵی پەیوەندیدار