دکتۆر جەعفەر ئیمینکی: سەرۆکی هەرێم دوای ڕاوێژکردن لەگەڵ لایەنەکان ڕۆژی هەڵبژاردنەکان دیاری دەکات

هەولێر -KDP.info- بەرپرسی بەشی پەیوەندیی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، بڕیارە بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لایەنە سیاسییەکان کۆبوونەوەیەک بکەن و سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای ڕاوێژکردن بە لایەنەکان ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردنەکان دیاری دەکات.
بەرپرسی بەشی پەیوەندیی گشتیی پارتی دیموکراتی کوردستان، دکتۆر جەعفەر ئیمینکی، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی کوردستان گوتی: ''بڕیارە کۆبوونەوەیەکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتیی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی، بەڕێوە بچێت، بەڵام تا ئێستا وادەی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە و هەرکاتێک کاتی کۆبوونەوە دیاری کرا، ئەوکات ئامادەکاری بۆ کۆبوونەوەکە دەکرێت.''
دکتۆر جەعفەر ئیمینکی گوتیشی: ''بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیش ڕاوێژێک لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان دەکات و دواتریش ڕۆژێک دیاری دەکرێت.''
ئیمینکی ڕوونیشی کردەوە: پێویستە ئەمساڵ هەڵبژاردن بکرێت و هیچ ڕێگەی دیکە نییە، بۆیە سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش بۆ ئەمساڵ ڕۆژێک بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردن دیاری دەکات.
بڵند ئیبراهیم




