د. مزگین چاڵی بۆ KDP: پێویستمان بە فەرھەنگستانی زمانی کوردی ھەیە

ھەولێر-KDP.info- دکتۆر مزگین چاڵی پسپۆر و ئاکادیمی بواری زمانی کوردی پێی وایە کە پێویستە ھەندێ یاسا و رێسا و رێنمایی ھەبێ بۆ رێکخستنی زمانی ستانداردی کوردی و بۆ ئەم مەبەستەش پێویستمان بە فەرھەنگستانی زمانی کوردی ھەیە و ھیوای خواست کە حکوومەتی کوردستان و داموودەزگا ئاکادیمی و رۆشنبیرییەکانی کوردستان بیر لە دامەزراندنی فەرھەنگستانی زمانی کوردی بکەنەوە و وەک ھەر نەتەوەیەکی ئەم جیھانە ئێمەی کوردیش ببینە خاوەنی فەرھەنگستانی زمانی خۆمان.
د. مزگین چاڵی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند: "لە راستیدا نەتەوەی کورد زیاتر لە ھەر نەتەوەیەکی تر پێویستی بە دروستکردنی فەرھەنگستانێکی کوردی ھەیە، ئەمە یەکێکە لە پێویستییەکانی ژیانی ئێمەی کورد و نەبوونەکەی لە راستیدا وەکو کەمووکورتی سەیر دەکرێ، ھەرچەند لە پێشتردا ھەوڵی تاکەکەسی و گروپی دراون لە بواری فەرھەنگسازی و زمانەوانی، بەڵام ھەریەک بە ئاقارێکدا چووە، دیارە ئەوە نییە ھیچ نەکرابێ لە رووی فەرھەنگ و زمانەوانییەوە، بەڵام دامەزراوەیەک یان رێکخراوێک، دەستەیەک یان وەزارەت و ھەر شتێک ناوی لێ بنێین پێویستە کە کۆیان بکاتەوە و لە ژێر چەترێکی یەکگرتوودا کە ئامانج لێی دروستکردنی فەرھەنگێکی گەورەی کوردییە کار بکات و ببێتە مەرجەع بۆ ھەموو کوردێک و ئەمە پێویستە کە ببێتە ناوەندێکی کۆکەرەوە، ھەروەھا دەشڵێ، راستە ئێمە لە کوردیدا شێوەزار و زاراوەمان زۆرە و زۆر دەوڵەمەندین لە رووی وشەسازی و فەرھەنگەوە، بەڵام ناکرێ ئێمە بمانەوێ بەرەو ستانداردیزە کردنی زمانی کوردی برۆین بەڵام ھەریەکە و شێوەزاری خۆمان بەکار بێنین، بۆیە ئیشی ئەو فەرھەنگستانە ئەوەیە کە ئەوانە ھەموو پێکەوە لێک گرێبدات و بیانکاتە یەکەیەکی زمانی و دواتر فۆرمێکی ستانداردی لێ پێکبھێنێت".
دکتۆر چاڵی ھەروەھا گوتی: "زمانی کوردی یەکێکە لە زمانە نووساوەکان بە ھۆی پێشگر و پاشگر و ناوگر و کۆمەڵێک بابەتی لەم چەشنە و دەتوانین زمانی خۆمان لە رووی وشەسازی و فەرھەنگییەوە زۆر دەوڵەمەند بکەینەوە، یاخود ئێمە لە رووی کورت کردنەوەوە دەتوانین ھەندێک زاراوەسازی بکەین بۆ دەوڵەمەند کردنی زمانەکەمان، ھەروەھا ئێمە گەر لە رووی زانستی و فەلسەفی و پزیشکییەوە یان ھەر زانستێکی تری ئەزموونی یان مرۆییەوە دەستەواژەمان وەک پێویست نەبێت بۆ پڕکردنەوەی ئەم کەموکورتییە ئەوە ئیشی ئەو فەرھەنگستانە دەبێت کە زاراوەی نوێ دروست بکاتەوە و ئەوکاتە دەتوانین بچینە ناو ئیتمۆلۆجیای زمانی کوردی خۆمانەوە کە ھەم لە ئاوێستادا ھەمانبووە و ھەم لە سەردەمی میدییەکاندا و لە کۆندا ھەمانبووە بیانھێنین بە شێوەیەکی رێکوپێک بەکاریان بێنین و چەمکە زانستییەکەی ئێستاش بەکار بێنینەوە کە ئەمەش رێگایەکیترە بۆ دەوڵەمەندتر کردنی زمانی کوردی".
ئەو ئاکادیمیەی زمانی کوردی باسی ئەوەی کرد کە: "ھەرچەندە پێمان بکرێت لە رووی فۆرم و ناوەرۆکەوە دەتوانین لە رێگەی ئەو فەرھەنگستانەوە کار لەسەر زمانی ستانداردی کوردی بکەین، کاتێک سەیری مێژووی وڵاتان دەکەیت دەبینی بۆ نموونە لە ١٦٠٠کان ئاکادیمیای زمانی فەرەنسی دروست بووە، لەو ماوەیەدا ھەندێ کات ھەبووە کاتێک ئەو فەرھەنگستانە وشە و زاراوەیەکی دەچەسپاند رۆژنامەنووس یان نووسەرێک لەو وشەیەی داندراوە لایدابایە لەوانەبووە سزای پێبژاردن و تەنانەت زیندانی کردنیشی ھەبووبێ، ئێمە ناڵێین ھێندە توند بین، بەڵام نابێ ھێندەش سست بین کە وشەی ئینگلیزی و عەرەبی و زمانێکیتری بێگانە بێنینە ناو زمانی کوردییەوە بە بێ خوێندنەوە و ھەڵسەنگاندن، لێرەدایە کە ئەرکی فەرھەنگستان خۆی دەنوێنێ و دەبێت لە بێژنگی بدات و ھەڵیپەردێوێ و کامەی باشە پاک و پوختی بکاتەوە بۆ ئێمە و لە زمانەکەماندا داینێتەوە، ھاوکات دەشڵێ، ئەگەر بمانەوێ بەرەو ستانداریزە کردنی زمانی کوردی بچین ئەو فەرھەنگستانە پێویستە و زۆر زۆر باشە ھەبوونی، ھیوادارم حکوومەتی ئێمە یان دامەزراوەکانی ئاکادیمی و رۆشنبیری ئێمە زووتر بریار لەوبارەیەوە بدەن و بیری لێ بکەنەوە و سەرجەم زاراوە کوردییەکانی تێدا بەشدار بکەن و بتوانن فەرھەنگستانێکی تەواو دروست بکەن کە بێگومان شتێکی زۆر بەنرخ دەبێت، ھەرچەندە دواکەوتووین لەو بابەتەدا بەڵام بە قەولی فارسان "ھەر کات ماسی لە ئاودا بگری ھەر تازەیە" بۆیە ھەر لە ئێستاوە دەستپێکردنی دامەزراندنی فەرھەنگستانێکی ئاوا زۆر بەنرخ و باش دەبێت، ھیوادارم ئێمەش وەک گەلانیتر ببینە خاوەنی فەرھەنگستانی خۆمان وەک ھەموو گەلانی دونیا، لەمڕۆدا کە رۆژی زمانی دایکە دەبێ ئەوە بخەینە بیرو زەینمانەوە کە زمانی کوردی بۆ ئەوەی خۆی نوێ بکاتەوە و ئەبدەیت بێت پێویستی بە وشە و زاراوەی نوێ و دەستەواژەی نوێ ھەیە بۆ دانانی ناوی خۆماڵی لەسەر ئەو ئامێرە نوێیە تەکنەلۆجیانەی دێنە ناو کۆمەڵگەی ئێمەوە".
سەڵاح جەلال




