ئهمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیران ئهم بابەتانه تاووتوێ دەکات

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بە سەرپەرشتی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کۆدەبێتەوە و چەند بابەتێك تاووتوێ دەکەن.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی فەرمانگەی میدیا و زانیاری، بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران تایبەت دەبێت بە خستنەڕووی دەرئەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی مەسروور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ هەردوو وڵاتی میرنشینە یەكگرتووەكانی عەرەبی (ئیمارات) و فەرەنسا.
سەبارەت بە سەردانەکەی شاندی حکوومەتی هەرێم بۆ بەغدا، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەوەی خستووەتەڕوو، کە دەرئەنجامی کۆبوونەوەکانی شاندی دانوستانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندی دانوستانی حکوومەتی فیدراڵی، لەبارەی بە پرۆژەیاسای نەوت و گازی فیدراڵی لە بڕگەی دووەمی کۆبوونەوەکەدا دەخرێتەڕوو.
ئاماژە بەوەشدرا، کە لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکەدا رەشنووسی پڕۆژەیاسای رێگەوبانە گشتییەکانی هەرێمی کوردستان دەخرێتەڕوو.




