بەڕێوەبەری ناحیەی زاویتە: داوای سێ ئۆڤەرپاسمان کردووە بۆ جادەی سەرەکیی زاویتە

دهۆک -KDP.info- بەڕێوەبەری ناحیەی زاویتە ئاماژەی بۆ ئەوە کرد، ئەوانەی پەنا دەبنە بەر زێدەڕۆیی لێپرسینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و پێشتریش چەندین کەس دراونەتە دادگا. دەشڵێت، داوای سێ ئۆڤەرپاسمان کردووە بۆ جادەی سەرەکیی زاویتە.
ئیدریس محەمەد، بەڕێوەبەری ناحیەی زاویتە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پلانی ئەمساڵ (٢٠٢٣) بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی خزمەتگوزاری ئامادە کراوە و ئەگەر پلانەکە وەک خۆی پەسەند بکرێت کێشەی خزمەتگوزاری لە سنووری زاویتە کەمتر دەبێتەوە، بەتایبەتی ئیدارەی پارێزگای دھۆک گرینگییەکی زۆر بە ڕێگاوبانەکان دەدات و لە پلانی ئێمەدایە زۆربەی ڕێگای گوندەکانی سنووری ناحیەی زاویتە دروست بکرێن و کێشەی ڕێگەوبان لە دەستپێکی پڕۆژەکانی ئێمەدایە وەک حکوومەت.''
بەڕێوەبەری ناحیەی زاویتە دەشڵێت: "لە پلانی خۆماندا پێشنیاری دروستکردنی سێ ئۆڤەرپاسمان کردووە لە سنووری زاویتە، چونکە ڕێگایەکی ستراتیژییە لە سنووری پارێزگای دھۆک و ڕۆژانە بە بەردەوامی ھاتوچۆیەکی زۆری لەسەرە و ئەندازەی ھاتوچۆی زاویتە پێویستی بە پێداچوونەوە ھەیە.''
گوتیشی" ئیدارەی پارێزگای دهۆک، بەتایبەت گرینگییەکی زۆری بە زاویتە داوە، چونکە شوێنێکی گەشتیارییە و ڕووبەرێکی زۆری زەویی کشتوکاڵیی هەیە.''
لەبارەی دیاردەی زێدەڕۆیییەوە، ئیدریس محەمەد ڕوونی کردەوە: "چاودێریەکی زۆر خراوەتە سەر ئەو کەسانەی پەنا بۆ زێدەڕۆیی دەبەن، بەتایبەتی ئەوانەی زێدەڕۆیی دەکەنە سەر زەویی دارایی لە سنووری ناحیەکەمان بە گوێرەی یاسا مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت و ڕووبەڕووی دادگا دەکرێنەوە، چونکە بە ھیچ شێوەیەک ڕێگە نادەین، زێدەڕۆیی بکرێتە سەر مڵکی گشتی و پێشتریش لێپرسینەوە ھەبووە لەوانەی زێدەڕۆیی دەکەن.''
قائید میرۆ




