٢٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

سبەی بەرپرسی یەکەمی لایەنەکان لە هەڵەبجە کۆ دەبنەوە

سەرچاوە: KDP.info

هەڵەبجە -KDP.info- بڕیارە سبەی چوارشەممە 21/2/2023،  کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکانی ھەڵەبجە کۆ ببنەوە و بەرپرسێکی پارتییش لە ھەڵەبجە ئاشکرای کرد، پارتی بەشداری کۆبوونەوەکە دەبێت، مەبەست لەو کۆبوونەوەیە ئامادەکارییە بۆ یادەکانی کیمیابارانی ھەڵەبجە.

فارووق عەبدولکەریم، بەرپرسی ڕاگەیاندنی پارتی لە هەڵەبجە، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بڕیارە سبەی چوارشەممە، کەسی یەکەمی لایەنە سیاسییەکان لە پارێزگای ھەڵەبجە لە دیوانی پارێزگا کۆ ببنەوە و پارتی دیموکراتی کوردستانیش بەشداریی کۆبوونەوەکەی بەیانی دەکات، مەبەست لەو کۆبوونەوەیە ئامادەکارییە بۆ یادی کیمیابارانکردنی ھەڵەبجە لەلایەن ڕژێمی پێشووی عێراقەوە و، بەرپرسی لقی پارتییش بەشداریی کۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەکانی پارێزگای هەڵەبجە دەکات.''

بەرپرسەکەی پارتی دەڵێت: "ساڵانە لایەنە سیاسییەکانی هەڵەبجە لەگەڵ ئیدارەی حکوومەت پلانی بەڕێوەچوونی یادی قوربانییانی کیمیابارانکردنی هەڵەبجە ئامادە دەکەن، ڕاستە پلانەکە لەلایەن حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە بەڕێوە دەچێت، بەڵام لایەنە سیاسییەکانیش ھاوکاری دەکەن.''

فارووق عەبدولکەریم ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد: "بڕیارە ئەمساڵیش ھاوشێوەی ساڵانی ڕابردوو ڕێوڕەسمی شایستە بۆ یادی قوربانییانی کیمیابارانی هەڵەبجە بەڕێوە بچێت و پارتییش وەک لایەنێکی سەرەکی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە ئەوەی لەتوانایدایە ھاوکاری لایەنەکان و فەرمانگەکانی حکوومەت دەبێت بۆ ئەوەی پلانەکە بە شێوەیەکی سەرکەوتوو بەڕێوە بچێت.''

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار