مونا قه‌هوه‌چی: ئێمه ڕێگه به هیچ حزبێك ناده‌ین بۆ بەرژەوەندیی خۆی بڕیار له‌سه‌ر چاره‌نووسی پێکهاتەی توركمان بدات

ئه‌ورووپا –KDP.info- له درێژەی وێبینارەکانی هەفتانەی لقی 6ی ئەورووپای پارتی دیموكراتی كوردستان، مونا قه‌هوه‌چی، جێگری سه‌رۆكی پارتی چاكسازیی توركمانی و سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، تیشكی خسته سه‌ر كۆمه‌ڵێك بابه‌تی تایبه‌ت به هه‌ڵبژاردنی داهاتووی په‌رله‌مانی كوردستان و مافی پێكهاته‌كان.
مونا قه‌هوه‌چی باسی له‌وه كرد: هه‌موو لایه‌ك ئاگادارن كه كوردستان به بارودۆخێكی سیاسیی تایبه‌تدا گوزه‌ر ده‌كات، پێویسته حزبه سیاسییه‌كان بۆ چاره‌سه‌ری گرفته‌كان پێكه‌وه ڕێك بكه‌ون و له پڕۆسەی سیاسیش پێویسته مافی پێكهاته‌كان له‌به‌رچاو بگیردرێت و له‌وانه‌ش گرنگتر کار بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی سیاسی و ده‌ستووریی هه‌رێمی کوردستان بکەین كه ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كمانه، چونكه کوردستان ماڵی هه‌موومانه.
قه‌هوه‌چی له درێژه‌ی باسه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه كرد كه له ماوه‌ی ڕابردوودا سه‌ردانی سه‌رۆك بارزانی و سه‌رجه‌م لایه‌نه سیاسییه‌كانی ده‌سه‌ڵات و ئۆپۆزسیۆنیان كردووه و هه‌وڵێكی زۆریان داوە كه له‌م خوله‌ی په‌رله‌ماندا هەرێمی کوردستان ببێتە خاوه‌نی ده‌ستووری خۆی و گوتیشی: له ڕواڵه‌تدا خواستی هه‌مووان ئیجابی بوو، به‌ڵام هه‌ندێك لایه‌ن له كرداردا هیچ هەنگاوێکیان نەنا بۆ سەرخستنی ئه‌و پرۆسه‌یه و بگرە ڕێگریش بوون.
ناوبراو ئاماژه‌ی به‌وه دا كه نه‌بوونی ده‌ستووری هەرێمی کوردستان کاریگەریی نەرێنیی هەیە و ئه‌گه‌ر ئێمه خاوه‌نی ده‌ستوور بووینایه ئه‌وا ده‌مانتوانی گرفت و پرسه‌كانمان له ڕێی ئەو ده‌ستووره‌وه چاره‌سه‌ر بكه‌ین و دەبووە سه‌رچاوه‌ی چاره‌سه‌ری ناكۆكییه‌كان.
سه‌باره‌ت به درێژكردنه‌وه‌ی ته‌مه‌نی په‌رله‌مانیش، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازیی تورکمان باسی ئه‌وه‌ی كرد كه ئەوان به‌هۆی بارودۆخی تایبه‌تی كوردستان ناچار بوون بۆ ماوه‌ی ساڵێك ته‌مه‌نی په‌رله‌مان درێژ بكه‌نه‌وه بۆ ئه‌وه‌ی ئاماده‌كاری بكرێت بۆ هه‌ڵبژاردنی خولی داهاتوو و هیواداریشن لایه‌نه‌كان لە زووترین کاتدا بگەنە ڕێککەوتن لەسەر دەستنیشانکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن.
له به‌شێكی تری باسه‌كه‌یدا سکرتێری پەرلەمانی کوردستان ئاماژه‌ی به هه‌مواری یاسای هه‌ڵبژاردن كرد كه ساڵی ڕابردوو لەلایه‌ن یه‌كێتیی نیشتمانی و كۆمه‌ڵی دادگه‌ری و یه‌گرتووی ئیسلامی و نه‌وه‌ی نوێ و گۆڕانه‌وه پێشكه‌ش كراوه و، گوتیشی: ''هەندێك لەو لایەنانە ئێستا ئاماده نین خۆیان لەو پڕۆژەیەیان بكه‌نه خاوه‌ن، ئه‌وه‌ش دەگەڕێتەوە بۆ كێشه ناوخۆییەکانی حزبەکانیان کە بەداخەوە گرفتە ناوخۆییەکانی ئەو حزبانە کێشە و کۆسپی لە بەردەم کارەکانی پەرلەماندا دروست کردووە.''
سه‌باره‌ت به ویست و مافی توركمانه‌كان، مونا قهههوهچی باسی ئه‌وه‌ی كرد كه "لایه‌نه توركمانییه‌كان به ئه‌وانه‌ی كورسیی په‌رله‌مانیان هه‌یه و ئه‌وانه‌یشی كه له ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مانن له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان كۆ بووینه‌وه و سێ خاڵی سه‌ره‌كیمان وه‌ك یادداشتنامه پێشکەش کردووە کە بریتین لەوەی هیچ حزبێكی كوردستانی بۆی نییه لەجیاتی ئێمە بڕیار بدات و ئێمه‌ی توركمان خۆمان چاره‌نووسی خۆمان دیاری ده‌كه‌ین، هاوکات پێکهاتەی تورکمان ئەوە ده‌خوازێت كه هه‌ڵبژاردن بۆ پێكهاته‌كان یه‌ك بازنه بێت، خاڵی سێیەمیش لە داواکارییەکانی لایەنە تورکمانەکان بۆ نەتەوە یەکگرتووەکان جەختکردنەوەیە لەسەر ئەوەی کەوا کوردستان بە له‌به‌رچاوگرتنی مافی پێكهاته‌كانه‌وه جوانه و نابێت ڕێگە بدرێت هیچ لایه‌نێكی سیاسیی کوردستانی بۆ بەرژەوەندیی خۆی پڕۆسەی دیموكراسی لە کوردستان تووشی پاشه‌كشێ بكات.''
سەڵاح جەلال




