پارتی سەردانی لایەنە سیاسییەکان دەکات
__2023_02_21_h15m37s6__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- بڕیارە شاندی پارتی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بکات و بەرپرسێکی بەشی ھەڵبژاردنی پارتییش دەڵێ، پارتی ئامادەیە بۆ ھەموو پێشنیار و کۆبوونەوەیەک لەبارەی پرسی ھەڵبژاردن لە ھەرێمی کوردستان.
ھاوار محەمەد، بەرپرسی یاسایی لە بەشی ھەڵبژاردنی پارتی، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "پارتی ھەموو ھەوڵێک دەدات پرۆسەی ھەڵبژاردن ئەمساڵ لە کاتی خۆی بەڕێوە بچێت، پارتی دەرگای واڵایە بۆ ھەموو پێشنیار و کۆبوونەوەیەک لەبارەی پرسی بەڕێوەچوونی ھەڵبژاردن، بڕیارە جارێکی دیکە لە ڕۆژانی داھاتوو شاندی دانوستانکاری پارتی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان بکات، چونکە ئێمە وەک پارتی لەگەڵ ھەڵبژاردنین و ناکرێت ئەمساڵیش ھەڵبژاردن دوا بخرێت.''
بەرپرسەکەی ھەڵبژاردنی پارتی گوتی: "تا پرۆسەیەکی پاک بەڕێوە بچێت کۆمسیۆنی ھەڵبژاردنەکان پێویستی بە کات ھەیە و دەبێت شەش مانگ دەرفەت بە کۆمسیۆن بدرێت بۆ ئامادەکارییەکان.''
ھاوار محەمەد ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: "ھەموو پرۆسەیەکی ھەڵبژاردن دەبێت ئامادەکاریی بۆ بکرێت و لە ڕووی ھونەری و تەکنیکییشەوە پرۆسەکە پێویستی بە دەرفەت ھەیە، لەبەر ئەوەش، پێویستە تا مانگی ئایاری داھاتوو پرسی ئەنجامدانی ھەڵبژاردن یەکلا بکرێتەوە، تەمەنی پەرلەمانیش تا ٣١/١٢ درێژ کراوەتەوە و پێویستە دوو مانگ بەر لە تەواوبوونی وادەی پەرلەمان پرۆسەی ھەڵبژاردن بەڕێوە بچێت.''
قائید میرۆ




