ماڵپەڕی KDP وردەکاریی کۆبوونەوەی سبەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر دەخاتەڕوو

هەولێر-KDP.info- سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر گوتی، سبەینێ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر کۆدەبێتەوە و تێیدا دەنگ بە ئەنجومەنی شارەوانییەکانی ناحیەکانی سنووری پارێزگای هەولێر دەدرێت و دووبارە هەڵدەبژێردرێنەوە.
دکتۆر عەلی ڕەشید، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: "سبەی چوارشەممە سەعات 10:30 خولەکی بەیانی، ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر لەبارەی دەنگدان لەسەر ئەنجومەنی شارەوانییەکان کۆدەبێتەوە، کە ئامادەکاریی بۆ کراوە و ناوەکان لە پارێزگا بۆمان رەوانە کراون و ئێمەش دەنگیان لەسەر دەدەین، کە پێشتر بە پیرمامەوە حەوت قەزا دەنگمان پێدان، ئێستاش ئەوانەی ماون ناحیەکانن و ئەوانیش دەنگیان لەسەر دەدرێت و پەسەند دەکرێن".
سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ڕوونیشی کردەوە: "ئەنجومەنی شارەوانییەکان کاتی خۆی لە ساڵی 2001 هەڵبژاردنیان بۆ کرابوو و دواتر راگیرابوون بە فەرمانی وەزیر، ئێستاش بەپێی یاسای ژمارە سێ جارێکی دیکە هەڵیاندەبژێرینەوە، کە ناوەکان لە پارێزگا بۆمان دێت و ئێمەش دەنگیان لەسەر دەدەین، چونکە بەپێی یاسا پێویستە دووبارە هەڵبژێردرێنەوە، ئەوەی دەنگی 50+1%ی بەدەست هێنا، متمانەی پێ دەدرێت".
ڕەشید ڕاشیگەیاند، ئەندامانی ئەنجومەنەکانیش ژمارەیان بەپێی پلەی ئەنجومەنەکەیە، قەزاکان ئەگەر پلە دوو بێت 11 کەس دەبن و پلەی سێ بێت 9 کەس دەبن و ئەگەر پلە چواریش بێت 7 کەس دەبن و بەو شێوەیە دەبێت.
گوتیشی، ئەو ئەنجومەنانەی بڕیارە سبەی دەنگیان لەسەر بدرێت، بریتین لە: ئەنجومەنی شارەوانیی رزگاری، کانی قرژاڵە، سێبیران، کەورگۆسک، دارەشەکران، کۆڕێ، تەقتەق، بەستۆرە، سکتان، ئاشتی، سێگرتکان، هەریر، باسرمە، هیران، دارەتوو، کەسنەزان، شاوێس و قوشتەپە.
بڵند ئیبراهیم




