٢٥ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦
پارتی دیموکراتی کوردستاننوێبوونەوە ، دادپەروەری ، پێکەوەژیان
کوردستانی

"لیژنەی ھاوبەش کێشەی نەوت و غاز چارە دەکات"

سەرچاوە: KDP.info

بەغدا-KDP.info- ئەندامێکی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای کرد، لیژنەیەکی ھاوبەش لە نێوان ھەرێم و بەغدا کار بۆ ئامادەکردنی پڕۆژەیاسای نەوت و غاز دەکات و دەشڵێ، کێشەی نەوت و غاز بە یاسا چارە دەکرێت و بۆشایی یاسایی لە کەرتی نەوتدا نامێنێت.

سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت و غاز لە پەرلەمانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند، دانوستانەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا ئەنجامیان ھەبووە و لە ئێستادا لیژنەیەک ھەیە بۆ چارەکردنی پرسی نەوت و غاز لە نێوان ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی فیدڕاڵ، ئەوەش بۆ ھەوڵ و کۆششەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە، چونکە بۆشایی یاسایی لە کەرتی نەوت و غازدا هەیە و، حکوومەتی فیدڕاڵ کەمتەر خەم بووە لە دەرکردنی یاسای نەوت و غاز، پێشتریش لە ساڵی ٢٠٠٧ پڕۆژەیەک و دواتر لە ساڵی ٢٠١١ پڕۆژەیەکی دیکە ئامادە کراوە، بەڵام ھەر سەری نەگرت.

ئەندامەکەی لیژنەی نەوت و غاز دەشڵێت، لە عێراق قەیرانی یاسایی لە کەرتی نەوت و غازدا هەیە، بەڵام ھیممەتێکی باش ھەیە لەلایەن حکوومەتی عێراق بە ھەماھەنگیی ھەرێمی کوردستان، لەبەر ئەوەی ھەرێم و بەغدا ھاوبەشن لە بەرھەمھێنانی نەوت و غاز، لە سەرەتاشدا لەسەر ھێڵە سەرەکییەکان رێککەوتن دەکرێت و دەگەڕێنەوە بۆ دەستووری عێراق.

سوبحی ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، یاسای نەوت و غاز لە داھاتوودا دەسەڵاتەکانی ھەرێم و فیدڕاڵ دیاری دەکات بۆ مامەلەکردن بە کەرتی نەوت و غاز، هەروەها کەرتی نەوت رێکدەخرێتەوە لە عێراق و مافی ھەرێمی کوردستانیش دیاری دەکرێت لەسەر کێڵگەکانی پێشوو و ئەوانەشی ئێستا کاریان تێدا دەکرێت، بەپێی گوتەی سەرۆکوەزیرانی عێراقیش، ئەمساڵ پڕۆژەیاسای نەوت و غاز کۆتایی دێت.

 

قائید میرۆ

 

هەواڵی پەیوەندیدار