د. هەوار نێروه‌یی: به‌پێی مادده‌ی 117ی ده‌ستووری عێراق هه‌رێمی كوردستان كیانێكی دانپێدانراوی نێوده‌وڵه‌تییه

دهۆك -KDP.info- پێشوازی له به‌رپرسانی هه‌رێمی كوردستان لەلایەن سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی ده‌وڵه‌تانەوە به‌پێی مادده‌ی 117ی ده‌ستووری عێراقه و جگه له‌وه‌ی هه‌رێم كیانێكی فه‌رمییه، ئاستی پێشوازی له سه‌رۆكی هه‌رێم و سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم نیشانه‌ی ئه‌وه‌یه كه كوردستان دیفاكتۆیه‌كی خاوه‌ن پێگه‌ی به‌هێزه له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تی.
د. هەوار نێروه‌یی، پسپۆڕی په‌یوه‌ندییه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان و ڕاگری كۆلێجی زانسته سیاسییه‌كانی زانكۆی دهۆك، له لێدوانێكی تایبه‌تدا بۆ ماڵپەڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: ''پێشوازیی سه‌ركرده و سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تان له كۆنفرانسه نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی وه‌ك كۆڕبه‌ندی داڤۆس و كۆنفرانسی ئاسایشی میونشن و سه‌رۆكی حكوومه‌ته‌كان له ئیمارات و زۆر شوێنی تر، ئه‌وانه پێشوازی له سه‌ركرده‌كانی هه‌رێمی كوردستان وه‌ك هه‌رێمێكی دیفاكتۆی یاسایی و ئه‌كته‌رێكی نێوده‌وڵه‌تیی ناده‌وڵه‌ت ته‌عامول و هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ نوێنه‌رایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان له‌و كۆنفرانسانه‌دا ده‌كه‌ن، دیاره ئێمه ناتوانین بڵێن وه‌ك نوێنه‌ری ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆ ته‌عامولیان له‌گه‌ڵ ده‌كرێت لەلایەن سه‌رۆكی ده‌وڵه‌تانه‌وه، به‌ڵام ئه‌و پێشوازییانه سیاغه‌یه‌كی ده‌ستووریی نێوده‌وڵه‌تییان هه‌یه كه له مادده‌ی 117ی ده‌ستووری عێراقدا ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه و له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م مادده‌یه‌ی ده‌ستووری عێراقه كه سه‌ركرده‌كانی ده‌وڵه‌تان ته‌عامولی ڕاسته‌وخۆیان له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه كه له‌سه‌ر بنه‌مای سه‌روه‌ری و سیاده‌ی ناوخۆییه به‌پێی ده‌ستوور و له‌سه‌ر ئاستی نێوده‌وڵه‌تییش كیانی هه‌رێمی كوردستان كیانێكی فه‌رمییه، كه‌واته ئێمه بمانه‌وێ و نه‌مانه‌وێ قه‌واره‌ی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان پارێزراو ده‌بێت و به‌رده‌وامیش ده‌پارێزرێ له ڕووی نێوده‌وڵه‌تییه‌وه و ئێمه ده‌یان ڕێككه‌وتنی نێوده‌وڵه‌تیمان هه‌یه، وه‌ك هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ده‌ستوور له‌گه‌ڵ توركیا و وڵاتانی تر، له‌به‌ر ئه‌وه ئه‌م قه‌واره‌یه دانپێدانراوه له ڕووی نێوده‌وڵه‌تی و لەلایەن یوئێنیشه‌وه له بڕیاری 688دا حه‌سانه‌ی هه‌یه، كه‌واته به قسه‌ی ئه‌م و ئه‌و نییه هه‌رچی حه‌زیان لێی بێت بیڵێن.
د. هەواڕ گوتی: له ڕووی پێگه‌شه‌وه هه‌رێمی كوردستان پێگه‌یه‌كی به‌هێزی هه‌یه له ئاستی نێوده‌وڵه‌تی و سه‌ركردایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان هه‌موو كاتێك هه‌وڵی داوه جگه له پاراستنی ئه‌م هه‌رێمه، په‌ره به پێگه‌كه‌یشی بدات. دیاره له سیاسه‌تدا به‌رژه‌وه‌ندی گرنگه، واته ئێمه چه‌نده توانیومانه به‌رژه‌وه‌ندیی نێوده‌وڵه‌تی له‌ناو هه‌رێمی كوردستان بپارێزین؟ دیاره ئێمه ئه‌وه‌مان كردووه، هه‌ر له بابه‌تی پاراستنی مافی مرۆڤه‌وه تاوه‌كوو له‌خۆگرتنی په‌نابه‌ر و ئاواره‌كان، پێكه‌وەژیانی ئایینی و ئه‌تنیكی و مه‌زهه‌بی له كوردستان، ئه‌وانه هه‌مووی ئامرازی سیاسین كه حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگیی پێ داون و بابه‌خیشی هه‌بووه و كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تییش ئه‌م پرسانه‌ی به‌هه‌ند وه‌رگرتووه و پشتگیریی كردووه كه هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر ئه‌م ڕێچكه‌یه ده‌ڕوات، بۆیه هه‌رێمی كوردستان بۆ پاراستنی دیموكراسی و به‌ها دیموكراتییه‌كان هه‌وڵی زۆری داوه، به‌تایبه‌تی له پرسی مافی مرۆڤدا، ڕاسته ڕه‌خنه هه‌یه و بۆچوونی جیاواز هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ هه‌موو ئه‌مانه‌دا هه‌رێمی كوردستان گه‌شه‌ی باشی به خۆیه‌وه بینیوه له ڕووی سیاسی و مرۆیی و بواره‌كانی تر و ده‌كرێ زیاتر گه‌شه‌ی پێ بدرێت.
سه‌لاح جه‌لال




