ئەرێ قۆناخی ئێمراڵی پرۆژەیەك نییە بۆ ئازادییەكان؟
جونەیت ئوزدەمیر
بە راستی بێدەنگ كردنی چەكەكان و شاردنەوەی چەكەكان شتێكی زۆر ئاسان و ئاساییە بەڵام شتی ئەستەم و زەحمەت سڕینەوەی ئەو رەق و كینەیە كە ساڵانە بە هۆی بەكار هێنانی چەكەكانەوە لە نێو رای گشتی كورد و توركدا جێگای خۆی كردووەتەوە.
من لە ساڵی 1995 بە مەبەستی لە نزیكەوە ئاگادار بوون لە شەڕی نێوان حزبڵای لوبنان و ئیسرائیل سەردانی باشووری لوبنانم كرد، لەوێ بالێوزخانەی توركیا رەهبەرێكی بۆمان ئامادە كرد كە بە زمانی توركی و عەرەبی قسەی دەكرد و بریار بوو ئەم رەهبەرە هەم وەكو شۆفێر و هەم وەكو رێنیشاندەر لەگەڵمندا بێت. دواتر من لەگەڵ ئەم رەهبەرەدا دەستمان بە گەڕان و پشكنین كرد و بە هۆی ئەوەیەوە كە بۆ ماوەیەكی درێژخایەن لەگەڵ ئەم رەهبەرەدا مماوە دەستم بە چاودێری كردن و ناساندنی ئەم رەهبەرە كرد. رۆژێكیان لە سەر چواڕیانێكی یەكێك لە گەڕەكە باشەكانی لوبناندا لەگەڵ شوفێر تاكسییەك بە شەڕ هات و قسەی پێ وت. منیش پێم وت بۆ قسەی پێ دەڵی برۆ لێ بدە. چییە لێ دەترسی؟ لە وەڵاممدا وتی: بەڵێ لێ دەترسم، چوونكە رەنگە ئەم كابرایەیش وەكو من بە ساڵانێك لە نێو شەڕدا مابێتەوە و روح و حاڵی ئاڵۆزتر لە هی من بێت. لە كاتی ئەم قسانەدا بوو كە هەناسەیەكی قووڵی هەڵكێشا و وتی" لە راستیدا دانانی چەكەكان زۆر ئاسان بوو بەڵام سڕینەوەی رەق و كین لە نێوان ئەم خەڵكەدا شتێكی زۆر ئەستەمە.
مەبەستم لە گێڕانەوەی ئەم بیرەوەرییە ئەوە بوو كە لە لوبنانیش بە ساڵانێك شەڕ هەبوو، بەڵام دواتر كۆتایی بە شەڕ هات و چەكەكان بێدەنگ كران بەڵام هێشتا خەڵك هەر لە یەكتر تووڕە و دڵخۆر بوو و لە یەكتر دەترسیا.
بارودۆخی توركیایش هەر وەكو بارودۆخی لوبنانە، بگرە توركیا زیاتر لە 30 ساڵە بە هۆی بەكار هێنانی چەك و زۆری سەربازییەوە گەلی كورد و تورك ئەگەر زۆریش نەبێت بەڵام بە رادەیەكی بەرچاو لە یەكتر دڵخۆر بوونە. لەم رۆژانەدا كە دوای 30 ساڵ لە توركیا باس لە چارەسەر كردنی پرسی كورد و بێدەنگ كردنی چەكەكان دەكرێت، ئەم بیرەوەرییەی لوبنانم بە بیر دێتەوە. توركیا لە نێو سی ساڵی رابردوودا رووبەرووی شتی زۆر خراب بووەتەوە بە تایبەتی لە ناوچە كوردنیشینەكاندا باوەر ناكەم كە ماڵبەت یا خانەوادەیەك هەبێت كە بە هەر شێوەیەك خەدری لێ نەكرابێت.
كۆمەڵگەی كوردی و كۆمەڵگەی توركیش دوو كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتین كە تا بڵێ دیاردەی توندوتێژی لە نێوانیاندا بوونی هەیە. هەڵسووكەوتی ئەم دوو كۆمەڵگەیە لە بەرامبەر ژنان سەلمێنەری هەبوونی دیاردەی توندوتێژی لە نێو ئەم دوو كۆمەڵگایەدایە.
با باسی قۆناخی چارەسەری پرسی كورد و مەسەلەی ئازادییەكان بكەین چوونكە بابەتەكەم لە سەر ئەم مەسەلەیەیە. دوای 30 ساڵ ئەمە یەكەمینجارە كە دەوڵەتی توركیا و بەرپرسانی پەكەكە یا لایەنی كوردی بەمجۆرە بە گۆڕ و تینەوە باسی چارەسەر كردنی پرسی كورد و بێدەنگ كردنی چەكەكان دەكەن. ئەم قۆناخە كە لە لایەن میدیاكانەوە بە قۆناخی ئیمراڵی ناسراوە و سەرۆك وەزیری توركیایش بە قۆناخی چارەسەری وەسفی دەكات لە راستیدا نیشانەی هەبوونی پێكهاتنێك لە نێوان بەرپرسانی توركیا و ئوجەلاندایە. بە پێ ئەم پێكهاتنە بازنەی ئازادییە گشتییەكانی كۆمەڵگە و ئازادییەكانی تاك بەرفراوانتر دەكرێت. بەو ماناییەكە یەكەمین سوودی ئەم قۆناخە بۆ كۆمەڵگەی توركیا دەبێت. چوونكە كۆمەڵگەی ئێمە كۆمەڵگەیەكە كە بازنەی ئازادییە گشتی و تاكەكانی تۆزێك بەرتەسكە و پرسی كوردیش بەرهەمێكی تەسك بوونی ئەم بازنەیەیە.
بۆیە چارەسەر كردنی پرسی كورد یا بە لانی كەمەوە بێدەنگ كردنی چەكەكان لە چوارچێوەی ئەم قۆناخەدا پێویستی بە بەرفراوانتر كردنی بازنەی ئازادییەكان هەیە، ئازادی سیاسی، یاسایی، كۆمەڵایەتی، بیر كردنەوە و هەتد.....
دەسەڵاتی هەنۆكەیی توركیا بۆ داهاتووی توركیا پرۆژەیەكی بەرفراوان و سەردەمییانەی هەیە و بەشێكی زۆر گچكە لەم پرۆژەیەیش ئەندام بوونی یەكجارەكی توركیا لە یەكیەتی ئەورووپادایە، دەسەڵاتی توركیا دەزانێت كە بەبێ چارەسەر كردنی پرسی كورد و بەرفراوانتر كردنی بازنەی ئازادییەكان ئەندام بوونی لە یەكیەتی ئەورووپا ئەستەمە. هەر بۆیە دەستی بە گۆڕانكاری سەرەكە كردووە و نایەوێ كەس بزانێت كە توركیا بۆ بە ئەندام بوون لە یەكیەتی ئەورووپا دەستی بەم گۆڕانكارییانە كردووە، بەڵكۆ دەیەوێ كۆمەڵگەی جیهانی و رای گشتی توركیا وا بیر بكەنەوە كە دەسەڵاتی سیاسی توركیا بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد دەستی بە قۆناخێكی بەمجۆرە كردووە، بەڵام راستییەكە وا نییە چوونكە چارەسەر كردنی پرسی كوردیش بەشێكە لە قۆناخی گۆڕانكارییەكان و بەرفراوانتر كردنی بازنە ئازادییەكان.
ئەگەر دەسەڵاتی سیاسی توركیا بەبێ بەرفراوان كردنی بازنەی ئازادییەكان هەوڵ بۆ چارەسەر كردنی پرسی كورد بدات ئەوا زۆر بە باشی دەزانێت كە ئەم هەوڵدانانە سەر ناگرن و پرسەكە چارەسەر ناكرێت، چوونكە بازنەی ئازادییەكان لە هەر روویەكەوە بەرتەسكە و قۆرسایی چارەسەر كردنی پرسی كورد هەڵناگرێت. هەر بۆیە لە جیاتی ئەوەی كە سەری خۆی بە شتی لاوەكییەوە گێج بكات راستەوخۆ دەستی بە هەوڵدان بۆ بەرفراوانتر كردنی بازنەی ئازادییەكان كردووە و چوونكە ئەگەر بازنەكە بەرفراوانتر بكرێت ئەوا پرسی كوردیش زۆر بە ئاسانی چارەسەر دەكرێت.
قۆناخی ئیمراڵی قۆناخێكی هاوبەشی كورد و توركە بۆ بەرفراوانتر كردنی بازنەی ئازادییەكان لە توركیا و گۆڕانی دەستووری توركیا و دامەزراندنەوەی توركیایەكی نوێ و سەردەمییانە. لە چوارچێوەی ئەم قۆناخەدا پرسی كوردیش چارەسەر دەكرێت و چەكەكانیش بێدەنگ دەكرن، بێدەنگ كردنی چەكەكان ئاسانە بەڵام پێویستە دەوڵەت و لایەنی كوردی هەوڵ بۆ ئامادە كردنی رای گشتی خۆیان بۆ ئەم مەبەستە بدەن.
سەرچاوە: رادیكاڵ




