ئەورووپا و کەنداو دەیانەوێت پەرە بە پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ھەرێم بدەن

هەڵەبجە -KDP.info- شارەزایەکی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەڵێ، لەسەر ئاستی کۆبوونەوەی سەرۆکی حکوومەتەکان لە دوبەی و پێشوازیی کاربەدەستانی باڵای فەڕەنسا لە سەرۆکوەزیرانی کوردستان هاوشێوەی سەرۆکوەزیرانی دەوڵەتی سەربەخو بووە، گرنگە پەرە بە پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان بدرێت و پێویستە ناوماڵی کورد ڕێک بخرێتەوە، ئێستا کوردستان پەیوەندییەکانی لەگەڵ دەوڵەتانی دنیا پەلکێش کردووە بۆ ئابووری و تەنیا لە سیاسی و دیپلۆماسیدا نەیهێشتووەتەوە.
سامان شاڵی، شارەزایی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: "سەردانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا بۆ فەڕەنسا گرنگ بوو، چەندان پلان دژی کوردستان هەیە، ئەم پەیوەندییە دیپلۆماسی و سیاسییانە سەرۆکوەزیرانی کوردستان لە دوبەی و فەرەنسابوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش لە ئەڵمانیایە و بەشداریی کۆڕبەندی ئاسایشی میونشنە، ئەویش گرنگیی خۆی هەیە، کورد پێویستی بەم پەیوەندییە دیپلۆماسییانە هەیە".
سامان شاڵی دەڵێ: "پەیوەندیی پاریس و هەولێر نوێ نییە و مێژووییە، لە ساڵی 1991 فەڕەنسا بوو کە بەریتانیا و ئەمەریکای هێنایە سەرخەت بۆ ئەوەی ناوچەی ئارام دروست بکەن لە هەرێمی کوردستان، لەو کاتەوە پەیوەندیی دیپلۆماسی و سەربازی و ئابووریی هەرێمی کوردستان و فەڕەنسا بەهێز دەبێت، مەسرور بارزانی، جگە لەوەی لەگەڵ سەرۆککۆماری فەڕەنسا کۆ بووەوە لەگەڵ کۆمپانیا و بازرگانانی گەورەی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە کە بێن و لە کوردستان وەبەرهێنان بکەن، گرنگە پەیوەندیی ئابووری بەهێز بکرێت".
دەوڵەتانی ئەورووپا لە بەردەوامیی شەڕی ڕووسیا و ئۆکراینا، پێویستییان بە نەوت و غازی کوردستان دەبێت، هەڵکەوتەی جوگرافیی کوردستانیش گرنگە، فەڕەنسا و ئەمەریکا و بەریتانیا دەیانەوێت هەرێمی کوردستانی بەهێزبوونی هەبێت لە عێراقدا".
زیاتر دەڵێ: "کاتێک سەرۆکی کوردستان و حکوومەت دەڕۆنە ئەورووپا وەک سەرۆکی دەوڵەتی سەربەخۆ مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، ئاڵای کوردستان هاوشانی ئاڵای دەوڵەتانی سەربەخۆ دادەندرێت لە پێشوازییان و کۆبوونەوە باڵاکاندا، پێویستە لەناوخۆ ڕێک بکەوین و ناوماڵی خۆمان ڕێک بخەین و ئەو لۆبییەی بۆ کورد دروست بووە، بەردەوام بێ".
ئاماژە بەوە دەکات، ئەوە دەوڵەتی فەڕەنسا بوو لە کاتی ڕێفراندۆمی سەربەخۆییی کوردستاندا دەرگای بۆ کردینەوە و مامەڵەی دیپلۆماسیی کرد و لەوکات سەرۆکی حکوومەتی هەرێم کاک نێچیرڤان سەردانی پاریسی کرد و لەگەڵ سەرۆکی ئەو وڵاتە کۆ بووەوە".
ئەو ئاستە بەرزەی هاوشێوەی سەرۆکوەزیرانی خاوەن دەوڵەتی سەربەخۆ مامەڵە لەگەڵ مەسرور بارزانی لە کۆبوونەوەی سەرۆکی وڵاتەکان لە دوبەی و پێشوازیی باڵا لە فەڕەنسا پێمان دەڵێت، ڕوویەکی باشی حوکمڕانیی پێشان داوە و سەرباری ئەوەی کە کەمووکووڕییشمان هەبێت، هەوڵەکانیش گرنگ بوو، سەرۆکوەزیرانی کوردستان بەشداریی لەو کۆبوونەوەیە کە پەیوەندییەکان زیاتر بەهێز دەبێت و سوودیشی هەیە لە ڕووی ئابووری و سیاسییەوە، ئەوەش بخەینە ڕوو بۆیان لە کوێن و بەرەو کوێ دەڕۆن.'' سامان شاڵی وای گوت.
گوتی: "پەیوەندیی کورد لەگەڵ دەوڵەتانی کەنداو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی خوالێخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی، پاشان کاک مەسعود بەهێزی کردەوە و کاک نێچیرڤان پەرەی پێ دا و لەم کابینەیە بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، پەیوەندییەکان بەهێزتر بوون، دەوڵەتانە بۆیان دەرکەوتووە زیاتر دەتوانن لەگەڵ هەرێمی کوردستان کار بکەن".
عەزیز ڕەسووڵ




