ئەمڕۆ شاندی هەرێم و وەزارەتەکانی دارایی و نەوت کۆدەبنەوە

بەغدا-KDP.info- سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە بەغدا گوتی، ئەمڕۆ شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکانی نێوان هەرێم و بەغدا، دەگەڕێنەوە بۆ بەغدا و لەگەڵ هەردوو وەزارەتی دارایی و نەوت کۆبوونەوە ئەنجام دەدەن.
فارس عیسا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، ئەمڕۆ یەکشەممە شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی درێژەدان بە گفتوگۆکانی نێوان هەرێمی کوردستان و بەغدا لەبارەی پرسە هەڵپەسێردراوەکانی نێوانیان جارێکی دیکە دەگەڕێنەوە بۆ بەغدا.
سەرۆکی نوێنەرایەتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان گوتیشی، لە سەردانی ئەمجارەدا شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەردوو وەزارەتی نەوت و دارایی حکوومەتی عێراق کۆدەبنەوە و تێیدا گفتوگۆ لەبارەی هەردوو پڕۆژەیاسای بودجە و نەوت و غاز دەکرێت، کە بڕیارە ئامادە بکرێن و رەوانەی پەرلەمان بکرێن بە مەبەستی پەسەندکردن.
بڕیارە هەردوو پڕۆژەیاسای نەوت و غاز و بودجە بە هەماهەنگی لە نێوان هەردوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئامادە بکرێن، دواتر بۆ پەرلەمان رەوانە بکرێن بۆ پەسەندکردنیان، بەڵام گفتوگۆ بەردەوامە و هێشتا نەگەیشتوونەتە رێککەوتنی کۆتایی.
پێشتر، فارس عیسا لەبارەی سەردانی پێشووتری شاندی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا، باسی لەوە کرد، هەردوو لا پێشنیاز و تێبینییەکانی خۆیان پێشکەش کردووە و لەم سەردانە گفتوگۆ لەبارەی ئەو پێشنیاز و تێبینیانە دەکەن.
بڵند ئیبراهیم




