سبەی تیمەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە باکووری کوردستان دەگەڕێنەوە
_(2)_(1)__2023_02_18_h15m24s17__ER.jpg)
هەولێر -KDP.info- دوای ئەوەی چەندین تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا ڕەوانە کران، بڕیارە سبەی کۆتایی بە ئەرکەکەیان بێت و بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان کە 240 کەس دەبن .
حوسێن کەلاری، بەڕێوەبەری گشتیی هەماهەنگیی قەیرانەکان لە وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ''کۆتایی بە هەڵمەتی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان بۆ باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان هات و ئێستا ئەو هاوکارییانەی ماون کۆ دەکرێنەوە و ڕەوانەی باکوور و ڕۆژئاوای کوردستان دەکرێن و ئەو پارەیەی کۆ کراوەتەوە دواتر بڕیاری لەسەر دەدرێت.''
حوسێن کەلاری گوتیشی: ''ئەو تیمانەی ئێمە کە وەکوو حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی کرابوون بۆ هاوکاری زیانلێکەوتووانی بوومەلەرزەکە، ئەمڕۆ دەست بە گەڕانەوە دەکەن و سبەی دەگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان کە سەرجەم تیمەکان 243 کەس دەبن.''
ئەمەش لە کاتێکدایە کە دوای بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا، حکوومەتی هەرێمی کوردستان جگە لە هاوکاریکردنی بەردەوام، چەندین تیمیشی وەکوو تیمی تەندروستی و بەرگریی شارستانی ڕەوانە کردبوون کە زیاتر لە10رۆژە لەوێ هاوکارییان دەکەن.
بڵند ئیبراهیم




